سەردێڕ:

​نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکى هەرێم سوێندی یاسایی خوارد

هەولێر
فۆتۆ: 
2019-06-10

3565 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک لەمەوپێش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێم لە دانیشتنی پەرلەمان وڕێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە ئامادەی دەیان کەسایەتی سیاسی دەرەوە و ناوخۆ وەک سەرۆکى هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بوویە سەرۆکی هەرێم.

ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی کوردستان بۆ سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێم لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر  کۆبووەوە.

لە بەرئەوەی میوان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم بانگهێشتکراون بۆ ڕێوڕەسمەکە و لەناو پەرلەماندا شوێنێکی تایبەت نییە بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا دانیشتنەکەی بەڕێوەبچێت.

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش، کاندیدی سەرۆکی حکومەت ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.

ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، لەناو پێنج کاندیددا، نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی ٦٨ پەرلەمانتار بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێش بایکۆتی دانیشتەکەیان کرد، هەروەها فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووش دەنگیاننەدا بە هیچ کاندیدێکی سەرۆکی هەرێم.