سەردێڕ:

بەها ئەعرەجی: دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی بەدوور نازانرێت

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: 
2019-06-09

2913 جار خوێندراوەتەوە

بەها ئەعرەجی جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بەدوور نازانرێت، جەختیشیکردەوە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران ئامادەیە، ئەگەر بێتو لەلایەن هەر قەوارەیەکی سیاسییەوە ڕێگری و بەربەستی بۆ دروستبکرێت.

ئەعرەجی لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە (٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، "ئەو هەواڵانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسیان لە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران دەکرد، ئەگەر ڕاستیش نەبن بەدوور نازانرێت، چونکە ناوبراو بڕوای بە بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی هەیە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوبەشە سیاسییەکانی ئازادی تەواویان نەداوەتی بۆ بنیاتنان و ڕاستکردنەوەی هەڵەی قۆناغەکانی پێشوو، ئەویش هەمووی بەهۆی سیاسەتی بەشبەشکاری و قۆرغکردن.

ئەعرەجی لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاشکرایکردووە، ئەگەر قەوارە سیاسییەکان هاوکاریی نەکەن بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی و پێشکەشکردنی کاندیدی بەتوانا و شایستە بۆ پلە تایبەت و دەستە سەربەخۆکان، ئەوە خۆی دەستکراوە دەبێت بۆ پێشکەشکردنی کاندیدەکان.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق جەختیکردووەتەوە، ئەگەر بێتو هەر قەوارەیەکی سیاسی کێشە و ڕێگری دروستبکات لەبەردەم سەرۆک وەزیراندا، بەو پێیەی نایەوێت هەڵەی کەسانی تر لەئەستۆ بگرێت، ئەوا سەرۆک وەزیران لەو کەسانە نییە دەست بە پۆستەکەوەی بگرێت و لێی نەبێتەوە.

ئەو وتانەی بەها ئەعرەجی لەکاتێکدایە، ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا و تا ئێستا وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و داد و سەرۆکی چەندین دەستە و پلەی تایبەت پڕنەکراونەتەوە و، بووەتە مایەی بێزاریی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەشێکی هێزە سیاسییەکانیش.

ع.م