فۆتۆ:
2019-06-09
6245 جار خوێندراوەتەوە
لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکراکراوە، تێکچوونی کاتەکانی نوستن مەترسییەکانی تووشبوون بە قەڵەویی و بەرزەپەستانی خوێن بە ڕێژەی ٢٧% زیاد دەکات.
لە بابەتێکدا ماڵپەڕی USAToday ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی نوێ کردووە، کە تیایدا زاناکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەی کاتەکانی نوستنیان ناڕێک و شێواوە، باڵانسی هۆڕمۆناتی جەستەیان تێکدەچێت و ئەمەش هانیان دەدات خواردنی ناتەندروست بخۆن و بەهۆیەوە مەترسیی تووشبوونیان بە چەند جۆرێکی نەخۆشی دڵ و خوێن زیاد بکات.
توێژەران بۆ ماوەی ٦ ساڵ لێکۆڵینەوەیان لە باری تەندروستیی دوو هەزار پیاو و ئافرەت کردبوو کە تەمەنیان لە نێوان ٤٥ بۆ ٨٤ ساڵدا بوو.
زاناکان بۆیان دەرکەوت، ئەو بەشداربووانەی کە شێوازی نوستنیان ناڕێکوپێک بوو و بە بەردەوامی دەگۆڕا، تووشی تێکچوونی مێتابۆڵیکی (سووڕی خوێن)، و هاوسەنگیی هۆڕمۆنیی بووبوون بە بەراورد بەوانەی خشتەیەکی نوستنی جێگیریان هەبوو.
بە گوێرەی توێژەران، هەموو کاتژمێرێکی نوستن کە لە شەوێکەوە بۆ شەوێکی تر بگۆڕێت، مەترسیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و شەکری خوێنیان زیاتردەکات، هەروەها ئەگەرێکی زۆریان هەیە کە لە ژیانیاندا تووشی قەڵەوی ببن یاخود بە تێپەڕبوونی کات هەندێک نەخۆشیی تەندروستییان بۆ دروستببێت.
زاناکان باسیان لەوە کردووە، هەبوونی سیستمێکی نوستنی جێگیر و بەردەوام دەتوانێت لەو مەترسییە تەندروستییانە بمانپارێزێت.

ز.ن