سەردێڕ:

باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە بەغدا دەستبەکاربوو

لەگەڵ سیاسییەکانی عێراق کاریکردووە
فۆتۆ: 
2019-06-09

1339 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ وێنەیەک لە کارنامەی دەستبەکاربوونی ماسیۆ تولەر باڵیۆزی نوێی ئەمریکای لە بەغدا وەرگرت.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە (٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩) وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەلحەکیم کارنامەی دەستبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی ئەمریکای لە عێراق وەرگرتووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا دواتر گفتوگۆیان کردووە دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و، جەختکردنەوە لە بایەخی هاریکاری لەسەر هەموو ئاستەکان، بە شێوەیەک خواستی گەلی هەردوو وڵات بەدیبهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ ڕەخساندنی هەموو کەشێکی پێویست بۆئەوەی باڵیۆزی نوێی ئەمریکا بتوانێت بە باشترین شێوە ئەرکەکانی ڕاپەڕێنێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کارەکانی دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا کۆتاییهاتووە و، ستایشی هەوڵەکانی ناوبراوی کردبوو لە ماوەی کارکردنی لە عێراق.

ڕۆژی ١٨ی مانگی ئایاری ڕابردوو دوای چاوەڕوانییەکی چەند مانگە، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر دانانی ماسیۆ تولەر وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە بەغدا، دوای ئەوەی پێشتر تولەر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە کاندید کرابوو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

ع.م