سەردێڕ:

دارەکانی شارۆچکەیەک لە ئەمریکا "پارە" بەرهەمدەهێنن

فۆتۆ: 
2019-06-09

8330 جار خوێندراوەتەوە

لە شارۆچکەیەکى ولایەتى ئالاسکاى ئەمریکا چرۆى تازە پێگەیشتووى جۆرە دارێک وەک دراو مامەڵەى پێوەدەکرێت و کاڵاى پێدەکڕدرێت.

ماڵپەڕى بى بى سى بڵاویکردەوە، دانیشتوانى شارۆچکەى سکاگواى لە ئەلاسکا کە نزیکەى هەزار کەس دەبن، لە ڕابردوودا و بەتایبەتى لە کۆتایى سەدەى نۆزدەدا دەچوون بەرەو باکورى خۆرئاواى کەنەدا بۆ دۆزینەوەى کانەکانى زێر، بەڵام ئەمڕۆ زێڕەکانیان لە نێو دارستانەکانیان بەدەست دێت نەک کانەکانى زێردا.

ئاماژەبەوەشکراوە، دانیشتوانى ئەو ناوچەیە بە ڕوواندنى جۆرێک لە درەختى سنەوبەر خۆیان خەریک کردوە کە چوار وەرزە سەوزە بەڵام تەنها لە وەرزى بەهار بۆ ماوەى دوو هەفتە لە ساڵێکدا دەتوانن سود وەربگرن لە چرۆى تازەپێگەیشتوەکان.

پێش ئەوەى دۆزەرەوە بەریتانیەکان بگەن بەو دارە، بەر لە چەندین ساڵ لەلایەن خەڵکى هۆزى تەلینگت سود لە چرۆى تازەپێگەیشتوى ئەو دارە وەرگیراوە کە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سى تێکەڵ بەچاى کراوە.

لە حەفتاکانى سەدەى هەژدەدا جیمس کۆک سەردانى ئالاسکاى کرد و لە چرۆى تازەپێگەیشتوى ئەو جۆرە سنەوبەرە جۆرە بیرەیەکى دروست کرد کە پارێزگارى لە دەریاوانەکان دەکات لە توشبوون بە نەخۆشى (ئەسقەربوت) کە بەهۆى کەمى ڤیتامین سى یەوە توش دەبن

بەپێى ماڵپەڕەکە، دانیشتوانى ئەو ناوچەیە لەبەرانبەر فرۆشتنى چرۆى تازە پێگەیشتوى دار سنەوبەرەکان پارە وەرناگرن، بەڵکو بە کاڵاو پێداویستیەکانیان دەیگۆڕنەوە وەک خۆراک و دارو قاوە.

هەروەها بەهۆى زۆرى سودە تەندروستیەکانى بۆ خواردنەوەکان و بەهارات و ساس بەکاردێت و هەروەها ئازارشکێنیشە بۆ شوێنى پێوەدانى مێروەکان بەهۆى تایبەتمەندییەکانى کە دژە میکرۆبە.

هەرچەندە ناوچەى ئالاسکا پشت بە کشتوکاڵ نابەستێت، بەڵام چرۆى تازەپێگەیشتوى ئەو جۆرە سنەوبەرە تاکە بەرهەمى کشتوکاڵیە کە دانیشتوانەکەى لەسەرى کۆکردوەتەوە و بەهۆیەوە لە وەرزەکانى بەهارو هاویندا ڕۆژانە هەزاران گەشتیار سەردانى ئەو ناوچە بچوکە دەکەن، تا ئاشناى بەروبوومەکانى دروستکراو لە چرۆى تازەپێگەیشتوى دار سنەوبەرەکان ببن، وەک بیرە و ساردەمەنییەکان.

ب.ب