سەردێڕ:

عێراق.. لە یەک مانگدا زیاتر لە ٣٧هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى سوتاون

فۆتۆ: 
2019-06-09

1049 جار خوێندراوەتەوە

بەرگرى شارستانى عێراق ڕایگەیاند، لەماوەى یەک مانگى ڕابردوودا ٢٧٢ حاڵەتى ئاگرکەوتنەوە لەبەرووبومە کشتوکاڵیەکان هەبووە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٧ هەزار دۆنم زەوى دەغڵودانى جوتیاران سوتاون.

لە ڕاگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرگرى شارستانى عێراقدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە لە ٨-٥-٢٠١٩ تا ٨-٦-٢٠١٩ ٣٧هەزار و ٨٦ دۆنم زەوى کشتوکاڵى سوتاون و ٩٩٢ هەزار و ٣٤٤ دۆنم دەغڵودان ڕزگارکراون لە سوتان.

 ڕوونیشیکردەوە، هۆکارى ئاگرکەوتنەکان ٧٤ حاڵەتیان بەهۆى شۆرتى کارەباوە بووە و ٣٥ حاڵەتیان بە ئەنقەسبووە.

 ئاماژەبوەشکراوە، ٣٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سەرچاوەى دەرەکییەوە بووە و ٢٢ حاڵەتیش بەهۆى فڕێدانى جگەرەوەبووە و دەیان حاڵەتیش ماون لەلایەن بەڵگەى تاوانەوە دیارى دەکرێن.

پێشتر بەرگرى شارستانى بڵاویکردبووەوە کە زۆرترینى ڕووبەرى سوتانى زەویە کشتوکاڵیەکان لە پارێزگاى نەینەوا بووە و لە پارێزگاى کەرکوکیش چوار هەزار و ٩٩٢ دۆنم زەوى کشتوکاڵى سوتاوە.
ب.ب