سەردێڕ:

ئەمریکا و مەکسیک سەبارەت بە کۆچی نایاسایی گەیشتنە ڕێککەوتن

فۆتۆ: 
2019-06-09

1998 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ مەکسیکدا گەیشتووەتە ڕێککەوتن سەبارەت بە کۆچی نایاسایی و، بەوەش ئەو باج و گومرگە زۆرانەی کە بڕیاربوو وەک سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنرێت، بۆ کاتێکی نادیار هەڵدەگیرێت.

دۆناڵد تره‌مپ له‌ هه‌ژماری تایبەتی خۆی لە تویته‌ر خۆشحاڵیی خۆی نیشانداوە بە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ مەکسیک و ڕایگەیاندووە، ئەو باجە زۆرە گومرگییانەی کە دەبوایە لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە بەسەر هەندێک لە کەلوپەلەکانی مەکسیکدا بسەپێنرایە، بۆ کاتێکی نادیار ڕادەگیرێت.

ترەمپ باسی لەوەش کردووە، دەسەڵاتدارانی مەکسیک لای خۆیانەوە ڕەزامەندییان نیشانداوە ڕێوشوێنی توندوتۆڵ بگرنەبەر بۆ ڕێگرتن لە چوونی کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو خاکی ئەمریکا و، هەوڵیش بۆ ئەوە دەدەن پارێزگاریی لە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات بکەن.

ئەوەش لە دوای ئەوە دێت کە پێشتر تره‌مپ هۆشداریی دابووە مه‌كسیک له ‌ئه‌گه‌ری نه‌گه‌یشتن ‌بە رێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتەکەی، ئەوا له ‌ڕۆژی دووشه‌ممه‌وه ‌مەکسیک به ‌ڕێژه‌ی له ‌سه‌دا پێنج باجی گومرگی ده‌دات.

هـ.ع