سەردێڕ:

باشوری ئەفریقا.. ١٤ شێر لە ناوچەیەکی پارێزراو هەڵاتن

باخچەی کروگەر زیاتر لە ١٦٠٠ شێری تێدایە
فۆتۆ: رۆیتەرز
2019-06-08

2158 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی باشوری ئەفریقا هۆشدارییان دایە هاوڵاتییانی وڵاتەکەیان، بەهۆی هەڵاتنی ١٤ شێر لە باخچەی کروگەری تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان لە باکوری وڵات، کە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی مۆزەمبیق.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی هەرێمی لیمبوبو هۆشدارییان دایە هاوڵاتییانی ناوچەکەیان، بە درێژایی شەو و رۆژ چاودێریی گوندەکانیان بکەن و لە هەر هێرشێکی ئەو شێرانە بۆ سەر گوندەکانیان بەئاگابن.

باخچەی کروگەر گەورەترین ناوچەی پارێزراوی سروشتیی ئاژەڵانە لە باشوری ئەفریقا، رووبەری باخچەکە ١٩ هەزار و ٤٨٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

بەگوێرەی بەرپرسانی باشوری ئەفریقا، کە قسەیان بۆ بی بی سی کردووە، باخچەکە بە گەورەترین شوێنی پارێزراوی شێرەکان لە وڵات دادەنرێت، باسی ئەوەشیان کردووە، ساڵی ٢٠١٧ش چوار بۆ پێنج شێری دیکە لە ناوچەی پارێزراوی بومالانگا رایانکردووە و لە گوندی ماتۆسۆلۆ بینراون.

ئایک ڤالا، وتەبێژی ئیدارەی ناوچە پارێزراوە نیشتمانییەکان رایگەیاندووە، بە تەنها گەڕانەوەی شێرەکان بۆ باخچەکە ئامانجەکەیان بەدینایەت، "ئەگەر بێتو بتوانن جارێکی تر هەڵبێنەوە، لەبەرئەوەی شێرەکان پارێزگاری لە زیندووێتی و پڕجوڵەیی ژیانی خۆیان دەکەن."

لەناو ئەو پێشنیارانەدا کە کراون دوای دۆزینەوەیان، بریتییە لە گواستنەوەی شێرەکان بۆ باخچەیەکی پارێزراو و فراوانتر، بەڵام تا ئێستا ئەو پێشنیارە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێشتریش بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەواڵی هەڵاتنی پڵنگێکیان بڵاوکردەوە، دوای هەڵاتنیشی پڵنگەکە پەلاماری منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانەی داوە و کوشتوویەتی.

هەرچەندە ئەو کات کوشتنی منداڵەکە بە شێوەیەکی روون یەکلا نەکرایەوە، بەڵام  لێپرسراوانی باخچەکە هەڵاتنی ئەو پڵنگەیان پشتڕاست کردەوە.

هـ.ع