سەردێڕ:

ئەمریکا سزایەکی دیکەی بەسەر هواویدا سەپاند

فۆتۆ: 
2019-06-08

7903 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا سزایەکی تری بەسەر هواویدا سەپاند و لەمەودوا فەیسبووک ڕێگە بە ھواوی نادات ئەپەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام و وەتسئەپ بە شێوەی بنچینەیی لە مۆبایلەکانیدا جێگیر بکات.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەسانەی ئێستا مۆبایلی هواوییان پێیە و بەکاریدەهێنن، دەتوانن سوود لە ئەپڵیکەیشنی فەیسبووک وەربگرن، ئەو بڕیارەش تەنها نەوەی نوێی هواوی دەگرێتەوە.

سەرەڕای بڕیاری کۆمپانیای فەیسبووک بە ڕێگەنەدان بە جێگیرکردنی ئەپەکانی کۆمپانیاکە، بەڵام بەکارهێنەرانی مۆبایلی هواوی دەتوانن خۆیان لە کۆگای پلەی ستۆر ئەپەکانی کۆمپانیای فەیسبووک دابەزێنن.

پێشتریش کۆمپانیای گوگڵ مۆڵەتی ٩٠ رۆژی بە کۆمپانیای هواوی دا بۆ بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی وەکو گوگڵ پلەی ستۆر، ئەگەر خزمەتگوزاریی پلەی ستۆر لە مۆبایلەکانی هواوی رابگیرێت چیتر بەکارهێنەران ناتوانن بە شێوەیەکی فەرمی ئەپەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام و وەتسئەپ بەکاربهێنن.

پێشتر واشنتن كۆمپانیای هواویی تۆمه‌تبارکرد بەوەی لەلایەن حكومه‌تی چینه‌وه ‌بۆ سیخوڕیكردن به‌كاربهێنرێت، هەربۆیە دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا کاروبارەکانی هواوی لە ئەمریکا قەدەغە بکات.

هواوی گەورەترین كۆمپانیای چینە له ‌بواری مۆبایل و لە ١٧٠ وڵاتی جیهان بەرهەمەکانی دەفرۆشێت و، ١٩٠ هەزار کارمەندی هەیە، ساڵی ٢٠١٨ش داهاتەکەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار بووە.