سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی ئێران لەسەر پێگەی حکومەتی عێراق لە ناوچەکەدا

فۆتۆ: 
2019-06-08

4766 جار خوێندراوەتەوە

ڕاوێژکاری کاروباری سەربازیی عەلی خامنەئی ڕابەڕی باڵای ئێران ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق یەکێکە لە "بەرەی بەرگری ئیسلامی" و ئەو بەرەیە ئەو ڕێککەوتنە هەڵدەوەشێنیتەوە کە بە "گرێبەستی سەدە" ناسراوە.

یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری سەربازیی ڕابەری باڵای ئێران ئەمڕۆ شەممە (٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بە ئاژانسی فارس نیوزی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە "جەنگ لە وڵاتەکانی عێراق و سوریا و یەمەن ، زۆرێک لە وێرانکاریی و تێکدانی بە دوای خۆیدا هێناوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە مایەی بڵاوکردنەوەی قوتابخانە و پەیڕەوێک بۆ بەرگری لە دەوڵەتانی ئیسلامی و بەرەیەکی بەرگریی، کە فەلەستین و حزبوڵای لوبنان و هەردوو حکومەتی سوریا و عێراق و ئەنساروڵای یەمەن (حوسییەکان)، خۆیانی تێدا دەبیننەوە لە بەردەم ئەمریکا و جولەکە و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی، کە دەستیان خستووەتە ناو دەستی ئەمریکا و جولەکەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەرەی بەرگری ئیسلامییە لە داهاتوودا بە هەمان شێوە کاردەکات بۆ پوچەڵکردنەوەی یپلانە هاوبەشەکان، لە ناویشاندا "گرێبەستی سەدە" کە ئەمریکا لە هەوڵدایە لە نێوان دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئیسرائیلدا بیهێنتە ئاراوە و لەسەری ڕێکبکەون.

چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو لێدوانە نوێیەی بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێران لەو پلەیەدا، جارێکی دیکە قسەکردن لەسەر هەژموونی ئێران لەسەر حکومەتی عێراق و کاریگەریی دامەزراوەی سەربازیی ئێران لە عێراقدا دێنێتەوە ئاراوە.

ع.م