سەردێڕ:

دادگای عێراق ئامادەکاری بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی بیانی داعش دەکات

ژمارەیەک لە خێزانی چەکدارانی داعش کە لە باغۆزی سوریا خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد
فۆتۆ: 
2019-06-08

1116 جار خوێندراوەتەوە

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە خۆئامادەکردندایە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دادگاییکردنی دەیان چەکداری بیانی داعش، کە ژمارەیەکیان خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتانی ئەوروپان.

لێپرسراوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، هیچ پلانێک نییە بۆ ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان یان کەمکردنەوەی ئەو حوکمانەی کە دادگای تاوانەکان دەرهەق بەو کەسان دەریدەکات کە تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە ڕێکخراوی داعشدا.

لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی (ئەلعەربی ئەلجەدید) لە زاری ئەو لێپرسراوە عێراقییانەوە بڵاویکردووەتەوە " هەر پلانێک یاخود فشار بە ئاراستەی کەمکردنەوەی سزاکان یان دوورخستنەوەیان لە سزای لە سێدارەدان بۆ زیندانی هەتا هەتایی بەهیچ شێوەیەک لە ئارادا نیە، چونکە دەقی یاسای تاوانە کارپێکراوەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٥٣وە کاریان پێدەکرێت، کە سزای لە سێدارەدانی بۆ تاوانی کوشتن دیاریکردووە بە مردن یان لەهەڵواسین تا مردن، چونک ئەگەر بێتوو ئەو سزایانە کەمبکرێنەوە، دەبێت پێشتر ئەو یاسا عێراقییانە هەموار بکرێنەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی فەڕەنسا داوایکردبوو دادگایەکی نێودەوڵەتی دابمەزرێت، بە مەبەستی دادگاییکردنی ئەو چەکدارە فەڕەنسیانەی کە لە ڕیزەکانی داعشدا شەڕیان کردووە و لە ئێستادا سزای لەسێدارەدانیان لە لایەن دادگای تاوانەکانی عێراقەوە بۆ دەرچووە.

مانگی ڕابردوو دەزگای دادوەریی عێراق، چەندین دانیشتنی بۆ ١٤ تۆمەتباری فەرەنسی ڕێکخست بە تاوانی ئەندامیەتی ڕێکخراوی داعش، دادگا لە کۆتاییدا ١١ کەسیانی تاوانبارکرد و سزای لە هەڵواسین تا مردنی بۆ ١١ کەسیان دەرکرد، ئەو بڕیارانەش بووە مایەی پەرچەکرداری حکومەتی فەڕەنسا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کە پێیان وایە پرۆسەی دادگاییکردنەکان دادپەروەریی تێدا پەیڕەو نەکراوە.

سەرچاوەیەکی عێراق ئاشکرایکردووە، ئەو سزاو حوکمانەی دەرهەق بەو هاوڵاتییە فەرەنسیانە دەرکراون، دەکرێت لە ماوەی مانگێکدا داوای پێداچوونەوەیان بۆ پێشکەشبکرێت، دواتر دۆسییەکانیان ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕاستاندنی بۆ بکرێت و سزاکەیان بەسەردا جێبەجێبکرێت.

لە ئێستاشدا کێشەی چەکدارە دەستگیرکراوە بیانییەکانی داعش بووەتە بابەتێکی ئاڵۆز، بە تایبەت دوای ئەوەی بەشێکی زۆری دەوڵەتەکانیان ڕەتیدەکەنەوە وەریانبگرنەوە، جگە لەوەش هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانەی داعشیان لە دواپێگەگانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی روباری فوڕات دەستگیر کردووە، چەند جارێک رایانگەیاندووە ناتوانن پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو چەکدارە بیانیانە بەڕێوەبەرن.

ع.م