سەردێڕ:

لەبەر ئەم ڤیدیۆیە چیتر موقتەدا سەدر ئامادەی نوێژی هەینی شوێنکەوتووەکانی نابێت

لە مزگەوتی کوفە
موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-08

16721 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاویەکی نزیک لە موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر ڕایگەیاند، سەدر بڕیاریداوە چیتر ئامادەی نوێژی هەینی نەبێت لەگەڵ شوێنکەوتووەکانیدا.

ساڵح محەمەد عێراقی، کە یەکێک لە شوێنکەوتووە نزیکەکانی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە "بەهۆی هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی ژمارەیەکی بەرچاو لە شوێنکەتووەکانی رەوتەکەیان، کە گوایە خۆشەویستی و عەشقیان نیشانداوە بۆ ڕابەرەکەیان لە مزگەوتی کوفە، موقتەدا سەدر بڕیاریداوە لەمەودوا ئامادەی مەراسیمی نوێژی هەینی مزگەوتەکەی نەبێت.

دوێنێ هەینی دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە وتاری هەینی مزگەوتی کوفە تەواو دەبێت، ژمارەیەکی بەرچاو لە شوێنکەوتوانی بەهوروژم دەچنە سەر مینبەری مزگەوتەکە و شوێنی وتاردانی موقتەدا سەدر و بەشێوەیەکی زۆر زیادەرەوییانە دەستدەکەن بە ماچکردنی داروبەردی مینەبەرەکە و هوتاف کێشانی جیاجیا بە ناوی سەدرەوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بەشێکی ئامادەبوانی نوێژی هەینی مزگەوتی کوفە، خۆیان بە تۆمارکردنی ڤیدیۆی موقتەدا سەدرەوە خەریککردووە، بێئەوەی ئاگاداری وتار و ئامۆژگارییەکانی ناوبراو و نوێژەکانیان بن.

عێراقی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئامادەبوونەش وا لێکدراوەتەوە کە نوێژخوێنان بۆ وێنەگرتنی سەدر ئامادەبوون نەک نوێژ و ئامۆژگاریی و ڕێنماییەکانی، بەو هۆیەشەوە بڕیاریداوە چیتر ئامادەی نوێژ هەینی مزگەوتی کوفە نەبێت.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا ئەو سەرچاوە نزیکە لە موقتەدا سەدرەوە جەختیکردووەتەوە، لەمەودوا ڕابەرەکەیان ڕۆژانی هەینی گەشت دەکات بۆ ئەوەی ئامادەبوونی لە نوێژی هەیندا نەبێت واجب و ئامادەبوونەکەشی لەبری ئەوەی پێویست بێت، ببێتە مایەی زیانێکی شەرعی.

ع.م