سەردێڕ:

ئەمریکا دوا وادەی بۆ تورکیا دیاریکرد بۆ پاشگەزبوونەوە لە کڕینی موشەکی ئێس ٤٠٠

کۆتایی مانگی تەموز
فۆتۆ: 
2019-06-08

8119 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین هەڵوێستی خۆیدا سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنی موشەکی جۆری ئێس ٤٠٠ی ڕوسی لە لایەن تورکیا ڕایگەیاند، دوا مۆڵەت  بۆ پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە مانگی تەموزی داهاتووە، چونکە پاراستنی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن و تەنانەت ناتۆش دەخاتە مەترسییەوە.

پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت ڕایگەیاند، گرێبەستی کڕینی موشەکی ئێس ی٤٠٠ ڕوسی لە لایەن تورکیاوە جگە لەوەی کاریگەری دروست دەکات لەسەر پاراستنی هاریکاری و پەیوەندی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، بە هەموو شێوەیەکیش تورکیا بێبەش دەکات لە وەرگرتنی فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥.

وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت جەختیکردووەتەوە، هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، بە گوێرەی یاسای دژایەتیکردنی دوژمن و نەیارانی ئەمریکا، سوورن لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا، ئەگەر بێتوو ئەنقەرە موشەکی جۆری ئێس ٤٠٠ وەربگرێت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیکردووەتەوە، ئەو خوێندکارە تورکانەی کە لە ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاهێنانیان پێدەکرێت لەسەر سیستمی فڕۆکەی جۆری (ئێف ٣٥) ناتوانن خولی ڕاهێنانەکانی تەواو بکەن و بە هیچ شێوەیەکیش ڕێنمایی ناکرێت بۆ ڕاهێنانی نوێ لە ئەمریکا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆڵەتی تا ٣١ی مانگی تەموزی داهاتووی بۆ تورکیا دیاریکردووە، پاشگەزبێتەوە لە کڕینی موشەکی جۆری ئێس  ٤٠٠ی ڕوسی.

ئەو هەڵوێست و هۆشدارییە نوێیانەی ئەمریکا  لە بەرامبەر تورکیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێرگی تشیمیزوف سەرۆکی گروپی "ڕوستیک"ی ڕوسیا ئاشکرایکرد، مۆسکۆ لە دوو مانگی داهاتوودا دەستدەکات بە ڕادەستکردنی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ بە ئەنقەرە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕوسیا کۆتایی هێناوە بە ڕاهێنان و چۆنێتی بەکارهێنانی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ بە پسپۆڕە سەربازییەکانی تورکیا.

هەفتەی ڕابردووش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک پاشگەز نابێتە لە کڕینی سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا.

ع.م