سەردێڕ:

ئەمریکا سزایەکی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

فۆتۆ: 
2019-06-07

4083 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای سەپاند بە سەر کەرتی پیشەشازی پترۆکیمیایی ئێراندا، چونکە گوایە زۆربەی داهاتەکەی بۆ سوپای پاسداران خەرجدەکرێت.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی (٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩) لە بەیاننامەکدا بڵاویکردەوە، ئەو سزا نوێیانەی کە واشنتۆن بەسەر ئێراندا دەیسەپێنێت، کەرتی پترۆکیمیایی دەگرێتەوە، کە بە یەکێک لە کەرتە ئابورییە زەبەلاحەکانی ئێران دادەنرێت، چونکە کۆمەکی دارایی بە  سوپای پاسداران دەکات.

لە لایەکی ترەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامانج لە سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بەسەر ئێراندا، ڕێگریکردن لە تاران بۆ دروستکردنی نائارامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەو هەنگاوانەش دەسەڵاتدارانی ئێران بێبەش دەکەن لەو داهاتانەی کە گوایە بۆ دروستکردنی نائارامی لە ناوچەکەدا بەکاری دەهێنێت.

خەزێنەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕێوشوێنە "گەورەترین کۆمپانیای پیترۆکیمیایی ئێران دەگرێتەوە، کە زۆرترین داهات و قازانجی دەستدەکەوێت، بەشێوەیەک ٣٩ لق و بریکاری دەرەوەی وڵاتەکەش دەگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، گروپ و لقەکانی ئەو کەرتە ئابورییە زیندووەی ئێران لە ٤٠% ی بەرهەمی پترۆکیمیایی ئێران و لە ٥٠%ی هەناردەی ئەو کەرتە لەخۆدەگرێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری "ستسڤن مەنوچین" وەزیری خەزێنەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کردنە ئامانجی ئەو تۆڕە ئابورییەی ئێران، بڕینی کۆمەکە لە بنەما سەرەکییەکانی کەرتی پترۆکیمیایی ئێران، کە پشیتوانی دارایی لە سوپای پاسداران دەکات.

کەرتی پتیرۆکیمیایی ئێران بە دووەم گەورەترین سەرچاوەی دارایی ئابوری ئەو وڵاتە دادەنرێت لە دوای داهاتی نەوت، کە پێشتر گەمارۆکانی ئەمریکا نەیدەگرتەوە، ئەوەش ئاماژەیەکی بەهێزە کە واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە توندکردنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.