سەردێڕ:

تەندروستی جیهانی ئامارێکی مەترسیداری لە سەر نەخۆشییە سێکسیەکان بڵاوکردەوە

نەخۆشەکان تەمەنیان لە نێوان ١٥بۆ ٤٩ ساڵیدایە
فۆتۆ: 
2019-06-07

7145 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامارێکی نوێی لە بارەی ئەو نەخۆشیانەوە بڵاوکردەوە کە بەهۆی سێکسەوە دەگوێزرێتەوە و  ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کرداری سێکسەوە ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دووچاری ئەو نەخۆشییەکانی تایبەت بە سێکسی ناتەندروستەوە دەبن.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ هەینی (٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، بە گوێرەی داتا و زانیارییەکانی بەردەستیان، ئەوانەی دووچاری نەخۆشییەکە بوون تەمەنیان لە نێوان ١٥بۆ ٤٩ ساڵیدایە و ، ڕۆژانەش زیاتر لە یەک ملیۆن دووچار بوو بە نەخۆشیە گوێزراوەکانی تایبەت بە سێکس دەبنەوە، بەڵام بەشێکیان ئەگەری چاکبوونەوەیان هەیە ئەگەر زوو چارەسەر بکرێن.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی داتاکان ساڵانە ٣٧٦ ملیۆن حاڵەتی نەخۆشییەکە تۆمار دەکرێت، کە دووچار دەبن بە نەخۆشییەکانی (کلامیدیا و سەیلان و زوهری) وهیتر.

پیتەر سەلامە بەڕێوەبەری جێبەجێکردن لە تەندروستی گشتی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، هەست دەکەن کەموکوڕی هەیە لە چۆنێتی ڕووبەڕبوونەوە و ڕاگرتنی نەخۆشییە گوێزراوەکانی کە بەهۆی سێکسکردنەوە دووچاری مرۆڤ دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا.

داواشی لە حکومەت و ڕێکخراوەکان کرد، لەو بێ ئاگاییە بەهۆش خۆیان بێنەوە و هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوە، یان سنوردارکردنی نەخۆشییە گوێزراوەکان کە بەهۆی سێکسکردنەوە دووچاری مرۆڤەکان دەبێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرت و داتای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٦دا نیشانەکانی دووچار بوون بە نەخۆشی کلامیدیا لە ١٢٧ ملیۆن کەس دەرکەوتوون، ٨٧ ملیۆن کەس نیشانەکانی دووچاربوون بە نەخۆشی سەیلان و ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی تر بە نەخۆشی زوهری و ١٥٦ ملیۆنی دیکەش دووچار بوون بە نەخۆشییەکانی دیکەی گوێزراوە، کە بەهۆی کرداری سێکسکردنەوە دووچاری مرۆڤ دەبێتەوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشییە سێکسییەکان کاریگەریی وێرانکەریان هەیە لەسەر  تەندروستی چنی لاوان و منداڵانیش لە سەرانسەری جیهاندا، ئەگەر بێت و چارەسەر نەکرێت.

وەک لە ڕاپۆرتی تەندروستی جیهایندا ئاماژەی پێکراوە، تەنها لە ڕێزی لە دایکبوانی ساڵی ٢٠١٦دا، ٢٠٠ هەزار منداڵ بەهۆی دووچاربوونیان بە نەخۆشی زوهری لە باوک و دایکیانەوە مردوون، کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدانی منداڵانی شیرە خۆرە ناسراوە لەسەر ئاستی جیهان.

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەری چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەگەرێکی بەهێزە، ئەگەر بێتو دەرمان و چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەکان دابنبکرێت و خزمەتگوزاری تەندروستی و هۆشیاری تەندروستی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.

ع.م