سەردێڕ:

ئاگر هەزاران دۆنم دەغڵودانی لە سنوری موسڵ سوتاندووە

فۆتۆ: 
2019-06-07

1469 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە ئەمڕۆ ناوچەیەکی بەرفراوان لە زەوییە داچانراوەکان لە دانەوێڵە لە ناحیەی ڕەبیعەی پارێزگای نەینەوا سوتان.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی عەرەبی ئەمڕۆ هەینی (٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورەوە، ناوچەیەکی بەرفراوان دانەوێڵە بە تایبەت گەنم سوتان، کە بە هەزاران دۆنم مەزەندە دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەوە ئوتۆمبێلێکی سەربە بەرگری شارستانیش سوتاوە.

ئەو ئاگر کەوتنەوە نوێیەی ناحیەی ڕەبیعەی سەر بە پارێزگای نەینەوا لە کاتێکدایە، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، بە فریای کێڵگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای نەینەوا بکەون.

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەکردووە، تا ئێستا چەند جارێک هۆشداریان داوە لە بەردەوامی ئەو ئاگرانەی کە چەند ڕۆژێکە لە نزیک قەزای شنگال و بەعاج  چەند ناوچەیەکی تر کەوتوونەتەوە و بەهەزاران دۆنم گەنمی سوتاندووە، کە ئەوەش هەڕەشەیەکی دیارە لەسەر ئاسایشی خۆراکی عێراقییەکان و جوتیاران و خێزانەکانیان و سەرچاوەی گوزەرانیان.

داواشیکردووە، هەرچی زووە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە ئوتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و تیمی فریاگوزاری ڕەوانەی پارێزگای نەینەوا بکەن، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگری سنورەکە و پارێزگاریکردنی لە خێر و بێری عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە زیاتر لە دوو هەفتەیە  دەغڵودانی جوتیاران و بەری ڕەنجی ساڵانەی جوتیاران بە بەرچاوی بەرپرسانی کورد و عێراقەوە ئەسوتێت و تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی ئەوتۆ نەگیراوەتە بەر بۆ بەرگرتن بەو کارەساتە.

بەپێی ئامارەکانیش بە تەنیا لە سنورى پارێزگاى کەرکوکدا تا ئێستا سێ هەزار و ٥٢٣ دۆنم دەغڵودانى جوتیاران سوتاوە، کە بەشی هەرە زۆریان زەویی جوتیارانى کوردن و زیانى میلۆنان دیناریان پێ گەشتووە، هەرچەندە لیژنە بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان پێکهێنراوە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ کەى قەرەبووی ئەو جوتیارانە دەکرێنەوە.

ع.م