سەردێڕ:

سودان.. ژمارەی کوژراوان بەهۆی گرژییەکانەوە بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2019-06-07

1254 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیتەی پزیشکانی سودان ئاشکرایکرد، ژمارەی کوژراوانی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی بەردەم بارەگای فەرماندەیی گشتی سوپا لە شاری خەرتوومی پایتەختی سودان بۆ ١١٣ کەس بەرزبووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکى کۆمیتەکەدا ھاتووە، بەپێی نوێترین ئامار، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەمیانی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی بەردەم بارەگای فەرماندەیی گشتی سوپا لە شاری خەرتووم کوژراون لە ١٠٠ کەسەوە بەرزبووەتەوە بۆ ١١٣ کەس.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ھێزە ئەمنییەکانی سوودان گۆڕەپانی مانگرتووەکانیان لە ناوەڕاستی خەرتوومی پایتەخت گەمارۆدا و بە زەبری ھێز بڵاوەیان بەخۆپیشاندەران کرد.

لەمیانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕینەکاندا کە لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی گشتی سوپا لە شاری خەرتووم دەکرێت، خۆپیشاندەران داوا لە ئەنجومەنی سەربازیی ڕاگوزەر دەکەن، دەسەڵات ڕادەستی حکومەتێکی مەدەنی بکات.

ھاوکات دوای پەرەسەندنی گرژییەکانیش، ئەنجومەنی ڕاگوزەری سەربازیش سەرجەم ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی ھەڵوەشاندەوە و تەئکیدی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە کردەوە بە چاودێری وڵاتان لە ماوەی کەمتر لە نۆ مانگدا.

لەلایەکی ترەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتەوە، ڕۆژی چوارشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا بەشێک لە کارمەندەکانی خۆی لە سودان بکشێنێتەوە.