سەردێڕ:

ئەمریکا ڕاهێنانى بە فڕۆکەوانە تورکییەکانى فڕۆکەى ئێف ٣٥ ڕاگرت

فۆتۆ: 
2019-06-07

2733 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانى ئەمریکا ڕایانگەیاند، وڵاتەکەى ڕاهێنانى ئەو فڕۆکەوانانەى تورکیا لەسەر فرۆکەى جەنگى ئێف ٣٥ ڕاگرتووە کە لەمەودوا بۆ ڕاهێنان دێنە ئەمریکا.

ئاژانسی سکای نیوز لەزارى بەرپرسانى ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا بڕیاریداوە قبوڵکردنى زیاترى فڕۆکەوانە تورکییەکان بۆ مەشق و ڕاهێنان لەسەر فڕۆکەى جەنگى ئێف ٣٥ ڕابگرێت.

باس لەوەشکراوە، ئەو هەنگاوە ئاماژەیە بۆ زیادبوونى ناکۆکییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە بە تایبەت پاش مامەڵەى کڕینى سیستمى بەرگرى موشەکى ئێس ٤٠٠ لەڕوسیا لەلایەن تورکیاوە.

ئەگەرچى پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا جەختى لەوە کردەوە، ناکرێت تورکیا لە هەمان کاتدا خاوەنى سیستمى بەرگرى مووشەکى و فڕۆکەى جەنگى ئەمریکى بێت، بەڵام خۆى لادابوو لە هەنگاو نان بۆ وەستاندنى ڕاهێنان بە فڕۆکەوانە تورکییەکان لەسەر فڕۆکەى ئێف ٣٥.

تورکیا و ئەمریکا کە دوو وڵاتى ناو هاوپەیمانى ناتۆن  هۆکارى ئەو ململانێ ڕاگەیەنراوەى چەن مانگێکى خایاندووە کڕینى سیستمى بەرگرى موشەکى ئێس ٤٠٠ ى ڕووسیە لەلایەن تورکیاوە، کە لاى واشنتۆن هەڕەشەیە لەسەر فڕۆکەکانى ئێف ٣٥ کە کۆمپانیاى لۆکهید مارتن بەرهەمى دەهێنێت و تورکیاش دەیەوێت بیکڕێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە سه‌رۆک كۆماری توركیا لە دواین لێدوانیدا ڕایگەیاند، له‌باره‌ی کڕینی سیستمی بەرگری (ئێس-٤٠٠ی ڕوسیی)ەوە‌ پاشگه‌زنابنه‌وه و لە ماوە دوو هەفتەى ڕابردووشدا ژمارەیەک سەربازیان بۆ مەشق لەسەر سیستمەکە چوونەتە ڕوسیا.

ئ.ر