سەردێڕ:

ترەمپ و ماکرۆن: سەبارەت بە ئێران هەمان ئامانجمان هەیە ​

فۆتۆ: 
2019-06-07

2607 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکى فەڕەنسا لە میانی كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا ڕایانگەیاند، ھەردوولا لەبارەی ئێرانەوە کۆکن و یەک ئامانجیان هەیە.

 دۆناڵد تڕەمپ لە میانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆك کۆماری فه‌ڕه‌نسا، لە شاری کاین لە ڕۆژئاوای فەرەنسا، دەستپێشخەری خۆی بۆ سەرلەنوێ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ و دانووستانەکان لەگەڵ تاران لەبارەی بەرنامە ئه‌تۆمییه‌كه‌ی دووپاتکردەوە.

تڕه‌مپ وتی، ھەردوولایان کۆکن لەسەر ئەوەی نابێت ئێران چەکی ئه‌تۆمیی دەستبخات.

هاوکات لەلای خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن پشتیوانی لە پێویستی دووبارە دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان لەگەڵ ئێران لەبارەی بەرنامە ئه‌تۆمییه‌كه‌ی کردەوە.

ئەم لێدوانانەی ھەردوولا لەکاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا زیادیانکردووە، ئەوەش لەدوای کشانەوەی واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ڕێکەوتنی ئه‌تۆمیی لەگەڵ ئێران و سەپاندنی کۆمەڵێک سزای توند بەسەر تاراندا.