سەردێڕ:

فەڕەنسا.. یادى ٧٥ ساڵەى سەرکەوتنى ئەوروپا لە شەڕى نۆرماندى بەسەر ئەڵمانیا کرایەوە

فۆتۆ: 
2019-06-07

1593 جار خوێندراوەتەوە

فەڕەنسا یادى ٧٥ ساڵەى ڕۆژى سەرکەوتنى ئەوروپا لە شەڕى نۆرماندى بەسەر ئەڵمانیادا و ئاوەژۆکردنەوەى ئاڕاستەى جەنگى جیهانیی دووەم لە ساڵى ١٩٤٤ کردەوە و ژمارەیەک لە سەرۆکى وڵاتە زلهێزەکانى جیهانیش بەشداریی یادەکەیان کرد.

مەراسیمەکە لە گۆڕستانی نۆرماندی لە ناوچەی (کۆلۆڤیل سوغ مێگ)ی فەڕەنسا بەڕێوەچوو، کە تەرمی زیاتر لە نۆ هەزار سەربازی ئەمریکیی تیا بەخاکسپـێردراوە.

مۆزسیانێکى فەڕەنسى لەسەر سەکۆیەک فوى بە ئامێرە موسیقییەکەیدا کرد لە کەناراوەکانى نۆرماندى، وەک زیندوو ڕاگرتنى گەیشتنى یەکەم سەربازى بەریتانى بۆ ئەو کەناراوە و، دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى سەربازیى وڵاتانى هاوپەیمانى ئەوروپا لە دژى ئەڵمانیاى نازى، کە بووە هۆى گۆڕینى ئاڕاستەى جەنگى جیهانیى دووەم.

سەرکردەى وڵاتە زلهێزەکان و سەربازە خانەنشینەکانى هەریەک لە وڵاتانى بەریتانیا و ئەمریکا تا دەگاتە کەنەدا بۆ بەرزڕاگرتنى ڕۆحى زیاتر لە ١٥٠ هەزار سەربازى وڵاتەکانیان بەشدارییان لە یادەکەدا کرد.

هەریەک لە سەرۆکی ئەمەریکا و فەڕەنسا و کەنەدا ستایشی ئەو سەربازانەیان کرد کە بەشداریـیان لە هێرشەکەی نۆرماندیدا کردبوو.

دۆناڵد ترەمپ وتارێکی بەو بۆنەیەوە پـێشکەشکرد رایگەیاند، ١٠ هەزار سەربازى ئەمریکى لەو ڕۆژەدا لەپێناو ئازادیدا گیانى خۆیان بەخشى، هەربۆیە ناکرێت ئەو پەیوەندیـیەی لە نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە گەرمەی شەڕی جیهانیی دووەم دروستبوو، هەرگیز ناکرێت هەڵبوەشێتەوە.

ئیمانوێل ماکرۆنى سەرۆکى فەڕەنساش سوپاسى سەربازانى وڵاتەکەیى کرد و ڕایگەیاند، خۆیان بە قەرزارى سەربازە دێرینەکان دەزانن و ئەوان ئەو ئازادییەى ئێستایان بۆ فەراهەمکردوون.

پاشان سەرۆکی فەڕەنسا مەدالیای لیژیۆن دۆنێغی بەخشیـیە پێنج سەربازی دێرینی ئەمریکا.

لاى خۆشیەوە جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیری کەنەدا، ستایشی ئەو سەربازانەی کرد کە لە شەڕەکەدا بەشداریـیان کردبوو، بەتایبەتی کەنەدیـیەکان و وتی، بە هەزاران سەربازیان نەگەڕانەوە نیشتمان.

هاوکات ڕوسیاش داواى لە وڵاتانى ئەوروپا کرد زیادەڕەوى نەکەن لە نرخاندنى هاوپەیمانیى ئەوروپى و ڕایگەیاند، گەر هێز و تواناى یەکێتیى سۆڤێت نەبوایە ئەوان نەیاندەتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

لە ٦ى حوزەیرانى ١٩٤٤ بە درێژایی ٨٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانى نۆرماندى فەڕەنسا ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازیی سەر دەریایی لە نێوان وڵاتانى هاوپەیمانى ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتانى ئەوروپا دژى سوپاى ئەڵمانیا ڕوویدا و بەهۆیەوە تەنیا لەو رۆژەدا ٤٤١٤ سەرباز لە هەردوولا کوژران و زیاتر لە ٢٠ هەزار سەربازى تریش برینداربوون و دواى زیاتر لە مانگێکیش هاوپەیمانان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

هـ.ع