سەردێڕ:

فەڕەنسا داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ چەکدارانی داعش لە عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2019-06-06

655 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دادی فەڕەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە گفتوگۆدان بۆئەوەی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی چەکدارە بیانییەکانی داعش لە عێراق پێکبهێنرێت.

نیکۆل بێلوبیە وەزیری دادی فەڕەنسا بە رادیۆی مۆنتی کارلۆی وڵاتەکەیی راگەیاندووە، "ئەو پێشنیازە لەسەر ئاستی وەزیرانی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئامادەکراوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، دادگاکە "گریمانەیەکی کارکردنە" و مەرج نییە لە شوێنی دیاریکراوی، بۆ نمونە وەکو سوریا بێت، رەنگە دادگاکە لە عێراق دابمەزرێنرێت، جەختیشیکردووەتەوە کە "ئەوە پێویستی بە کاری هاوبەش هەیە، بەتایبەت بەشداریکردنی دەسەڵاتی دادوەریی ئەوروپا و فەڕەنسا و عێراق."

جەختیشیکردووەتەوە کە "پەیوەست بە دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتیی تایبەت بە چەکدارانی داعش، هەندێ رێگری هەیە کە پێویستی بە رازیبوونی عێراق هەیە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان کە ئێمە هۆشیاریمان دەربارەی داوە."

وەزیری دادی فەڕەنسا دەربارەی ئەو هاوڵاتییە فەڕەنسییانەی لەلایەن دادگای عێراقەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە ئەوەی خستوەتەڕوو، "چەند جارێک دەوڵەتی عێراقمان ئاگادارکردووەتەوە کە ناکرێت سزای لەسێدارەدان بەسەر هیچ تاوانبارێکدا جێبەجێ بکرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دواى هەرەسهێنانى ڕێکخراوى داعش، ژمارەیەک چەکدارى ناوخۆیی و بیانیی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سوریا دەستگیرکراون.

تا ئێستاش بەشێک لەو وڵاتانە ئامادەنین تەنانەت بۆ دادگاییکردنیشیان هاوڵاتییەکانیان وەربگرنەوە، هەروەها تاوەکو ئێستا دادگایەکی تایبەتمەند نییە بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش، کە بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران ژن و منداڵانی بێتاوان و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکە، بەتایبەت لە عێراق و سوریا، ئەوە جگە لە وێرانبوونی چەندین شار و شارۆچکە لە هەردوو وڵاتەکەدا.

هـ.ع