سەردێڕ:

دانیمارک.. ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردنى بردەوە و ژنێکی گەنجیش دەبێتە سەرۆک وەزیران

فۆتۆ: 
2019-06-06

1685 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی وڵاتی دانیمارک، ئۆپۆزسیۆن بە بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، کە سۆشیال دیموکرات و چەپەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنن.

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ئەم مانگە، لە وڵاتی دانیمارک هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، ڕۆژی پێنج شەممە ٦ی مانگ ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ڕاگەیەندرا، بەپێی ئەنجامەکەش پارتی دەسەڵاتدار، کە ١٤ ساڵە حکومڕانە، شکستیهێناوە و ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە لە گەنجان پێکهاتوون.

لە هەڵبژاردنەکەدا کێبڕکێ لە نێوان دوو لیستی سەرەکیدا بوو، ئەوانیش لیستی بلۆکی سوور، کە لە پێنج پارتی سۆشیال دیموکرات و چەپ پێکهاتبوون، هەروەها لیستی بلۆکی شین، کە لە پارتی دەسەڵاتدار و حەوت پارتی دیکە پێکهاتبوون.

لیستی بلۆکی سوور لەلایەن مێت فرێدریکسنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە ژنێکی گەنجە و دەبێتە گەنجترین سەرۆک وەزیرانی دانیمارک لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. هەروەها بە گشتی لیستەکەیان لە کەسانی گەنج پێکهاتوون و دەنگدەران ویستوویانە کەسانی نوێ حکومڕانییان بکەن. لیستەکە لە کۆی ١٧٩ کورسی، ٩١ کورسییان بەدەستهێناوە و لە بەرامبەریشدا لیستی پارتی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەکانی ٧٥ کورسییان بەدەستهێناوە.

مێت دوای سەرکەوتنی، ڕایگەیاند، "ئەوان بایەخی سەرەکی بە خۆشگوزەرانی و گۆڕانی کەشوهەوا و پەروەردە و منداڵان و داهاتووی وڵات دەدەن، ئەوان پێکەوە هیوای گۆڕینی دانیمارکیان هەیە." بەڵام لیستەکەی مێت سیاسەتێکی توندیش بەرامبەر بە کۆچبەران دەگرێتەبەر.

دانیشتووانی دانیمارک نزیکەی شەش ملیۆن کەسە و زیاتر لە چوار ملیۆن لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەبوو، ڕێژەی بەشداریکردنیش لە سەدا ٨٤ بوو.

دانیمارک دوای فینلاند و سوید بووە سێیەمین وڵاتی ئەوروپا، کە لە ماوەی ساڵێکدا چەپەکان لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبێنن و حکومەتی چەپ و سۆشیال دیموکرات دروستبکەن. بەوەشدا دەردەکەوێت، ئەوروپییەکان دەیانەوێت کەسانی نوێ تاقیبکەنەوە.