سەردێڕ:

​وێنە.. باڵۆنێکى نوێ جێگەى مانگە دەستکردەکان دەگرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-06-06

1671 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایەکی ئەمریکی سەرقاڵی دروستکردنی باڵۆنێکى نوێیە، کە دەتوانێت جێگەى مانگە دەستکردەکان بگرێتەوە و لە ئاسماندا جێگیربکرێت.

بەپێی تۆڕی هەواڵیی بلومبێرگ، ئەو باڵۆنە نوێیە لە توانایدایە لە بەرزاییەکی زۆردا بوەستێت و دەتوانێت هەمان کاری مانگە دەستکردەکان بکات بە تێچوویەکی زۆر کەمەوە.

کۆمپانیاکە باڵۆنەکەى لە ئاسمانی چوار ویلایەتی ئەمریکا تاقیکردووەتەوە و توانیوویەتی بۆ ماوەى ١٦ ڕۆژ خۆی بگرێت و سەرجەم زانیارییەکان و وێنە و چاودێرییەکان هاوشێوەی مانگە دەستکردەکان بنێرێت بۆ بنکەکەی.

باڵۆنەکە کە ناوی ستار تولایتسە، پێویستی بە موشەکی هەڵدان نییە و لە بەرگە غازی زەویشدا ناچێتە دەرەوە، بەڵکو لە بەرزییەکی زۆردا دەوەستێت و دەتوانێت چەندین ئامێر لەگەڵ خۆی هەڵگرێت.

ئەوەش باسکراوە، لەبەرئەوەى هاتوچۆی فڕۆکە لە بەرزیی ١٠ بۆ ١١ هەزار مەتردایە، بڕیار وایە باڵۆنەکە لە بەرزیی زیاتر لە ١٥ هەزار بۆ ٢٠ هەزار مەتر لە زەوییەوە جێگیربکرێت.

بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە کۆمپانیاکە باڵۆنەکە بخاتە بازاڕەکانی جیهان و هەر لە ئێستاوە دامەزراوە سەربازییەکانی جیهان ئامادەن بەرهەمەکەیان لێ بکڕن.