سەردێڕ:

کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ توانیویەتی هەموو جیهان بگەڕێت

گەشتیار لیکسی ئەلفۆردی تەمەن ٢١ ساڵ
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-06-06

4075 جار خوێندراوەتەوە

کچێکی گەنجی ئەمریکی کە هێشتا تەمەنی ٢١ بەهارە توانی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی جیهانی تۆمار بکات، بەهۆی ئەوەی توانیویەتی بەو تەمەنەوە ١٩٦ وڵاتی جیهان بگەڕێت.

بەو هۆیەشەوە ئەگەر تۆماری گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان توانی قسەی (لیکسی ئەلفۆرد)ی تەمەن ٢١ ساڵ پشتڕاستبکاتەوە، ئەوا ژمارەی پێوانەیی پێش خۆی شکاندووە کە بە ناوی (جەیمس ئاسکۆس)ی بەریتانیاییەوە تۆمار کراوە، کە توانیویەتی بە تەمەنی ٢٤ ساڵییەوە  لە ساڵی ٢٠١٣دا سەرانسەری جیهان بگەڕێت.

لیکسی سەبارەت بەو چالاکی و دەستکەوتەی کە بەدەستی هێناوە، زۆر دوودڵ بووە و بە قۆناغی زۆر قورسدا تیپەڕیووە، بە تایبەت لە چەند مانگی کۆتایی گەشتەکەیدا بە جیهاندا، بە دیاریکراویش گەشتەکانی بۆ ئەو شوێنانەی کە قورس بووە پێی بگات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەمووی قورستر ئەو ڕێوشوێنە بیرۆکراسییانە بووە کە لە کاتی گەشتەیدا لە هەندێک وڵات ڕووبەڕووی بووەتەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، کە پێشتر چەند ساڵێک چاوەڕێی کردووە تا بە دەستی هێناوە.

جەختیشیکردووە، خواست و خولیای بۆ ئەنجامدانی ئەو گەشتە دوورودرێژە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خێزانەکەی لە بواری گەشتوگوزاریدا کار دەکەن و هەر بە منداڵی  هەلی بۆ ڕەخساوە سەردانی بەشێکی زۆری شارە گرنگەکانی جیهان بکات، بە تایبەت کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە ١٨ ساڵ سەردانی ٧٢ دەوڵەتی کردووە.

لە ئێستاشدا لیکسی زیاتر لە ١٠ هەزار بەڵگەنامەی پێشکەشکردووە بە تۆماری گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان، بۆ ئەوەی بۆ جیهانی بسەلمێنێت کە ژمارەیەکی پێوانەیی جیهانی تۆمارکردووە وەک بچوکترین گەریدە لە جیهاندا.

لەسەر هەسارەی زەوی ٢٠٦ دەولەت هەیە، لەو ژمارەیەش تەنها ١٩٣ دانەیان خاوەنی سەروەرین و لە چوارچێوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دان بە سەروەری ١٩٦ دەوڵەتدا دەنێت.

ع.م