سەردێڕ:

یوتیوب هەزاران ڤیدیۆ و چەناڵ لە ماڵپەڕەکەی دەسڕێتەوە

فۆتۆ: 
2019-06-06

2271 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندیی ڕاگەیاندنی ژمارەیی عێراق ئاشکرایکرد، ماڵپەڕی یوتیوب سەرجەم ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانە دەسڕێتەوە کە پروپاگەندە بۆ بیرۆکەی گروپێکی دیارکراو دەکات، یاخود بیەوێت بەسەر گروپێکی دیکەدا سەربکەوێت و هێزو توانای خۆی لێوە نمایش بکات.

لە بەیاننامەکەدا ناوەندەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو سیاسەتە نوێیەی کە دوێنێ چوارشەممە ماڵپەری یوتیوب ڕایگەیاندووە، قەدەغەکردن و سڕینەوەکان ڤیدیۆی نازییە نوێیەکان و بیرۆکەکانی پیلانگێڕیش دەگرێتەوە، وەک ئینکاریکردن لە ڕووداوێکی دیاریکراو بە نموونە هۆلۆکۆست و جینۆسایدەکانی دیکە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ڕێوشوێنە نوێیەکانی یوتیوب پەیوەندی دەبێت بە دژایەتیکردنی گوتاری ڕقلێبوونەوە کە دەبێتە مایەی بەرپاکردنی توندوتیژی و بەکارهێنانی وەک بەهانەیەک بۆ جیاکاری ئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزایەتی و چینایەتی و هەموو جۆرە جیاکارییەکانی دیکەی جیاکاری ڕەگەزپەرستی.

پێشتریش ناوەندەکە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بڵاویکردەوە، کۆمپانیای فەیسبووک کاردەکات لەسەر ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو بڵاوکراوە و پروپاگەندانەی کە ستایشی گروپە ڕاستڕەوە توندڕەوە سپی پێستەکان دەکات، هەروەها ئەو بڵاوکراوانەی بە ئاراستەی جیاکاریی نەتەوەیی سپی پێست کاردەکەن.