سەردێڕ:

وێنە.. یەکێک لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەکانی دانەوێڵە ئاشکرا بوو

فۆتۆ: 
2019-06-06

12514 جار خوێندراوەتەوە

چالاکانی مەدەنی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، چەند وێنەیەکی یەکێک لە کێڵگەکانی گەنم و جۆی شاری موسڵیان بڵاوکردووە، کە دەرکەوێت کەسانی نەناسراو هاوێنە یان "زەرەبین" کەبە کۆکەرەوەی تیشکی خۆر و ڕوناکی دادەنرێت لە ناو یەکێک لە کێڵگەکانی دانەوێڵەکەدا داناوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خۆکردانە ئاگر بخاتەوە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بسوتێنێت.

ئەو چالاکانە باس لەوە دەکەن، ئەو هاوێنەیە کار دەکات لەسەر کۆکردنەوەی تیشکی خۆر بەشێوەیەکی چڕ و دواتر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی شوێنی کۆکردنەوەی ڕوناکی و تیشکی خۆر و خستنەوەی ئاگر لە ناو بەربوومە کشتوکاڵییەکەدا.

ئەو چالاکانە باس لەوە دەکەن، دۆزینەوەی ئەو ئامێرە، بۆ دوورخستنەوەی گومانە لەسەر ئەو کەسانەی کە هەستاون بە سوتاندنی کێڵگەکانی گەنم و جۆ و دانەوێڵەکان، جگە لەوەش بۆ ئەوەی  ئەوانەی دەستیان هەیە لە پرۆسەی سوتاندنەکەدا لە لایەن جوتیاران و هێزە ئەمنییەکانەوە نەبینرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی هەشتی ئایاری ڕابردووە تا ڕۆژی دووی حوزەیران، ژمارەی ئەو ئاگرانەی کە لە کێڵگەکانی دانەوێڵەدا کەوتووەتەوە گەیشتووەتە ٢١٩ ئاگر، کە  بەهۆیانەوە ٤٥٠ هەزار دۆنم زەوى سوتاوە.

دوانیوەڕۆى دوێنێش لە گوندى خەرابەى سەر بە ناحیەى سەرگەڕان جارێکى دیکە ئاگر بەردرایە زەویوزارى جوتیاران لەکاتێکدا کە سەرقاڵى دروێنەکردن بوون.

تەنیا ڕەحمان کە خاوەنى ٣٠٠ دۆنم زەوییە لە گوندى خەرابە بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، زیانى سوتانى زەوییەکەیان بە ٥٠ هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لە ماوەى سێ هەفتەى ڕابردووشدا بەشێکى زۆر لە دەغڵودانى جوتیارانى کورد لە سنورى کەرکوک و خانەقین و مەخمور سوتێنراون، جوتیارانی کوردیش داوا لە سەرکردایەتیى سیاسیی کورد دەکەن لە بەرامبەر سوتانى دەغڵودانەکانیان بێنە دەنگ.

ع.م