سەردێڕ:

ترەمپ: هێرشی سەربازى بۆ سەر ئێران ئەگەرێکى کراوەیە

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران
فۆتۆ: 
2019-06-05

24269 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ حەسەن ڕۆحانیدا بکات، بەڵام هێرشی سەربازى لە بەردەمیاندا ئەگەرێکى کراوەیە.

دۆناڵد ترەمپ کە بە سەردانێکى فەرمى لە بەریتانیایە بە کەناڵى ئەى تیڤى ئەو وڵاتەى ڕاگەیاندووە، ئێران یەکەمین وڵاتى تیرۆریستییە لە ئێستاى جیهاندا.

ترەمپ ڕاشیگەیاندووە، تائێستا بڕیارى هێرشى سەربازییان لە دژى ئێران نەداوە، بەڵام بەکارهێنانى هێزى سەربازى دژى تاران ئەگەرێکە و بوونى هەیە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئەو ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک کۆمارى ئێران بکات و گفتوگۆ لە جەنگ باشترە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، تاران بە پێشنیازی دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانووستان فریوی ئەمریکا ناخوات، بۆیە دەستبەرداری پرۆگرامە موشەکییەکەی نابێت و بەردەوام دەبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندابوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران، بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی تایبەت بە ڕێککەوتنە ناوەکیەکەی ئێران و لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، جەنگ و گفتوگۆ، بەیەکەوە ناگونجێن، ئیتر ئەگەر گفتوگۆکان مەرجداربن یاخود نا.