سەردێڕ:

خامنه‌یی: دەستبەرداری پرۆگرامە موشەکییەکەمان نابین

فۆتۆ: 
2019-06-05

4933 جار خوێندراوەتەوە

رێبەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، تاران بە پێشنیازی دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانووستان فریوی ئەمریکا ناخوات، بۆیە دەستبەرداری پرۆگرامە موشەکییەکەی نابێت و بەردەوام دەبێت.

عه‌لی خامنه‌یی لە مەراسیمی ٣٠ هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی لە گڵکۆی دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەمریکا دەزانێت ئێران لە ڕووی پڕۆگرامی موشەکییەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە هەڕەشە دروستبکات و خۆی سەقامگیربکات، لەبەرئەوە دەیەوێت ئێران لەو پڕۆگرامە بێبەش بکات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، زەحمەتیی بۆ ژیانی ئێرانییەکان دروستکردووە، هەروەها داوای لە حکومەتی ئێران کرد چاککردنی دۆخی ئابووری وڵاتەکە بکاتە کاری لەپێشینەیی.

ئەم وتانەی خامنەیی لەکاتێکدایە، کە پێشتر حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو، پێدەچێت ئێران ئامادەیی نیشانبدات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا، ئەگەر ئەو وڵاتە ڕێز لە ئێران بگرێت و سزاکانی لەسەر هەڵبگرێت.

لەبەرامبەریشدا، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی ئامادەیە بە بێ مەرج لەگەڵ ئێران گفتوگۆ لەبارەی پڕۆگرامی ناوەکی وڵاتەکە بکات، بەڵام ئێران ئەو داوایەی ڕەتکردەوە.