سەردێڕ:

سودان.. ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بۆ ٦٠ کەس بەرزبووەوە

دواین پەرەسەندنەکانى سودان
فۆتۆ: 
2019-06-05

947 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سودان گەیشتە ٦٠کەس وئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوای کردووە سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیان بپارێزرێت.  
لیژنەی پزیشکانی سودان ڕایگەیاند، دوای گەمارۆدانی خێوەتگەی خۆپیشاندەران لەبەردەم بارەگای سەرەکی سوپای ئەو وڵاتە و ھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران ٦٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٤٠ کەسیش برینداربوون.
دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دۆخی سودان سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی سەربازیی ڕاگوزەر لە سودان، بەرپرسیارە ‌لەئاسایش و سەلامەتیی ھاوڵاتییان و داوای ھێمنیی لە لایەنەکان کردووە.
ھاوکات دوای پەرەسەندنی گرژەیەکان ئەنجومەنی ڕاگوزەری سەربازیش سەرجەم ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی ھەڵوەشاندەوە و تەئکیدی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە کردەوە بەچاودێری وڵاتان لە ماوەی کەمتر لە نۆ مانگدا.
ماوەی چەند ھەفتەیەکە ئەنجومەنی سەربازی سودان و ھاوپەیمانی لایەنەکان کە خۆی لە ئەنجومەنێکی مەدەنی دەبینێتەوە دانووستانەکانیان بە ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی وڵات دەستپێکردووە و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەش کە لەنێوانیاندا واژۆکراوە، بەڕێوەبردنی وڵات بۆ ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی ڕاگوزەر و ھاوبەش بەردەوام دەبێت و دواتر ھەڵبژاردن دەکرێت.