سەردێڕ:

ئەنجوومەنی سەربازیی سودان ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هەڵپەسارد

فۆتۆ: 
2019-06-05

959 جار خوێندراوەتەوە

جەژن و کۆتایی هاتنی ڕەمەزان، نەبووە هۆی هێوربوونەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی سودان، بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی ڕاگوزەری سودانیش ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندەراندا هەڵوەشێندرایەوە.

عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی ڕاگوزەری سودان، جگە لەوەی تەواوی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە، هاوکات سوربوونی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاند.

لەدوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دانوستانی چەند مانگی لە نێوانیاندا، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوودا هەردوو ئەنجومەنە سەربازیی و ئۆپۆزسیۆنەکەی سودان، لەسەر میکانیزمێک بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بۆماوەی سێ ساڵ ڕێککەوتن، بەڵام هێندەی نەبرد سەرلەبەری ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە ئاوەژوبوونەوە و هەمان سیناریۆی میسر لە سودان دووبارەبوویەوە.

عەبدولفەتاح بورهان ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و تێیدا باسی لەوە کرد، کە تەواوی گفتوگۆکان لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران ڕاگیراوە، هەموو ئەو ڕێککەوتنانەش هەڵوەشێندراونەتەوە کە پێشتر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا واژۆکرابوون.

جەختی لەوەشکردەوە کە حکومەتێکی کاتی دادەمەزرێت و لە ماوەی ٩ مانگدا هەڵبژاردن دەکرێت، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنەکەش، سەرکردە سەربازییەکان لێکۆڵینەوە لەبارەی توندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکان دەکەن و بەرپرسیارییەتی ڕژانی خوێنی خۆپیشاندەرانیشی خستە ئەستۆی ئۆپۆزسیۆن.

 لە بەرامبەریشدا ئەنجومەنی مەدەنی سودان پلانی ئەنجومەنە سەربازییەکەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ لادانی دەسەڵاتی سەربازی.

مەدەنی عەباس، سەرکردەی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆن جەختی لەوە کردەوە کە هاوڵاتیانی سودان ملکەچ ناکەن بۆ بڕیارەکانی عەبدولفەتاح بورهان و ئۆباڵی کوشتنی خۆپیشاندەرانیشی خستە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان و بە بەرنامە بۆ داڕێژراوی لە قەڵەمدا بۆ کپکردنی دەنگی گەلی سودان.

ڕۆژی دووشەممە هێزە ئەمنییەکانی سودان پەلاماری خۆپیشاندەرانیاندا و بە تەقەی هەڕەمەکی بڵاوەیان پێکردن، لە ئەنجامیشدا ٣٠ خۆپیشاندەر کوژران و ١١٦ی دیکەش برینداربوون، بەوەش ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی سودان لەوکاتەوە کە عومەر حەسەن بەشیر دەستیلەکارکێشاوەتەوە، گەیشتە ٣٥ کەس.

بۆ ڕاگرتنی گرژییەکانیش ئەنجومەنی ئاساییش لەسەر داوای وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا بڕیاریدا، بەپەلە لەسەر ڕووداوەکانی سودان کۆببێتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەتوندی ئیدانەی ڕووداوەکەی کرد، ئەمریکاش داوای هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر خۆپیشاندەرانی سودانی کرد.

هەفتەی ڕابردوو عەبدولفەتاح بورهان سەردانی قاهیرەی کرد و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کۆبووەوە، دوای کەمتر لە ١٠ ڕۆژ لەو دیدارە، تەواوی سیناریۆکەی ١٣ی تەموزی ٢٠١٣ی میسر کە دژ بەخۆپیشاندەران کرا، لە سودانیش دووبارەبوویەوە، بەڵام دیار نییە هەنگاوی داهاتووی عەبدولفەتاحەکەی سودان چی دەبێت، ئایا وەک عەبدولفەتاحەکەی میسر شەرعیەت بەخۆی دەدات و حوکمی سەربازی بەسەر وڵاتدا دەسەپێنێت یان نا؟.