سەردێڕ:

بۆ دایکان و باوکان؛ ئەم دەستەواژانە بە منداڵەکانتان مەڵێن

فۆتۆ: 
2019-06-04

23523 جار خوێندراوەتەوە

 باوکان و دایکان بەردەوام هەوڵدەدەن بە باشترین شێوە پەروەردەی منداڵەکەیان بکەن تا کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت و سەرکەوتووبێت، بەڵام ئەمەش چەندین یاسا و بنەمای خۆی هەیە کە پێویستە بە وریاییەوە پەیڕەو بکرێن.

ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر بەگوێرەی وتەی پسپۆڕانی بواری دەروونی ئاماژەی بە پێنج دەستەواژەی گرنگ کرووە کە باشتروایە بە منداڵان نەوترێت بۆ ئەوەی کەسایەتییان لاواز نەبێت، بەم جۆرە:

"شتێکی گرنگ نییە"

 ئەم رستەیە گرنگی شتەکان یان دۆخەکان ناهێڵێت، بۆ نمونە ئەگەر منداڵەکەت پێت بڵێت کە لە شتێك دەترسێت و یاخود ئەرکێکی پێدراوە و دەیەوێت بەباشی بەجێی بهێنێت، ئەگەر لەم کاتەدا تۆ پێی بڵێیت گرنگ نییە و گرنگی پێمەدە، ئەوا فێری دەکەیت کە ئەو بەرپرسیارییەتییەی لەسەر شانییەتی بە هەند وەری نەگرێت.

"لە گریان بوەستەرەوە"

نابێت باوکان و دایکان رێگری بکەن لە گریانی منداڵ کاتێك دەیەوێت بگری، چونکە هەندێك کات ئەو منداڵە پێویستی بەوەیە هەستەکانی دەرببڕێت، بۆیە دەبێت یارمەتی بدەین نەك رێگری لێبکەین.

"تۆ زیرەکترین منداڵی لە قوتابخانەدا"

نابێت دایکان و باوکان بە منداڵەکەیان بڵێن کە ئەو زیرەکترینە لە قوتابخانەدا، چونکە ئەمە وادەکات بە هەر رێگەیەك بێت نمرەی بەرز بهێنێت تەنانەت گەر بە گزیش بێت یاخود بە پێچەوانەوە وایلێدێت گرنگ بە خوێندن نادات و وادەزانێت پێویستی بە هەوڵدان نییە، بۆیە باشتروایە دایکان و باوکان هاندەری منداڵەکەیان بن بۆ هەوڵدانی زیاتر و گەشتن بە ئەنجامی ویستراو.

"بێدەنگبە"

کاتێك دەبینیت منداڵەکەت دەنگەدەنگێکی دروستکردوە و شڵەژاوە و بە تووڕەیی قسەیەکی زۆر دەکات نابێت بە توندی پێی بڵێیت بێدەنگ بە بەڵکو دەبێت لەم کاتەدا ئارامی بکەیتەوە و یارمەتی بدەیت کە هەناسەیەکی قوڵ بدات و بیبەیتە دەرەوە بۆ ئەوەی هێورببێتەوە.

"هەموو شتێك باش دەبێت"

ژیان ئاستەنگی و رووبەڕووبوونەوەی زۆری تێدایە، بۆیە هەرگیز منداڵەکەت وا فێرمەکە کە هەموو شتێك بەو جۆرە دەبێت کە دەیەوێت، بەڵکو فێری بکە رووبەڕووی دۆخە قورسەکان ببێتەوە و بەسەر ئاستەنگییەکاندا سەربکەوێت.

ژ.ن