سەردێڕ:

سودان..ئەنجومەنی سەربازی سەرجەم ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی هەڵوەشاندەوە

فۆتۆ: 
2019-06-04

1955 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی سودان گەیشتە ٣٠ کەس، ئەنجومەنی ڕاگوزەری سەربازیش سەرجەمی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی هەڵوەشاندەوە و تەئکیدی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە کردەوە بەچاودێری وڵاتان.

بەیانی ئەمڕۆ، عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاگوزەر لە یەکەم لێدوانی پاش ڕووداوی تەقەکردنەکەی دوێنێ، تەواوی ڕێککەوتنەکانی پێشتری لەگەڵ ئەنجومەنە مەدەنیەکە هەڵپەسارد و خۆپیشاندەرانیشی تۆمەتبارکرد بە دروستکردنی پشێوی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات.

ناوبراو ڕەتیشیکردەوە، ئەنجومەنە سەربازییەکە خواستی تاکڕەوانەی دەسەڵاتی هەبێت و بەڵێنیدا هەڵبژاردن لە ماوەی نۆ مانگدا بە چاودێری وڵاتان بەڕێوەبچێت.

دوێنێ هێزە ئەمنییەکانی سودان هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران کە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە لە بەردەم وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە و بەپێی بەیاننامەیەکی لیژنەی پزیشکانی سودانیش، لەو هێرشەدا ٣٠ کەس کوژراون و ١١٦ کەسیش برینداربوون، بەوەش ژمارەی کوژراوان لە دوای دەستلەکارکێشانوەی عومەر حەسەن بەشیر گەیشتە ٣٥ کەس.

ماوەی چەند هەفتەیەکە ئەنجومەنی سەربازی سودان و هاوپەیمانی لایەنەکان کە خۆی لە ئەنجومەنێکی مەدەنی دەبینێتەوە دانووستانەکانیان بە ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی وڵات دەستپێکردووە و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەش کە لەنێوانیاندا واژۆکراوە، بەڕێوەبردنی وڵات بۆ ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی ڕاگوزەر و هاوبەش بەردەوام دەبێت و دواتر هەڵبژاردن دەکرێت.

هـ.ع