سەردێڕ:

زەریف: تا ئەمریکا گەمارۆکان هەڵنەگرێت گفتوگۆیان لەگەڵ ناکەین

فۆتۆ: 
2019-06-04

3587 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند، تا گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەی هەڵنەگیرێت، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەستپێناکەن.

محەمەد جەواد زەریف لە تویتێکیدا، سزاکانی ئەمریکای بە جەنگی ئابووری وەسفکردووە و دەڵێت، تیرۆری ئابووری دژ بە ئێران هاوڵاتیانی بێتاوانی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج.

جەواد زەریف لە تویتەکەیدا ڤیدیۆی دایک و منداڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەکردووە، بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی نەیتوانیوە قاچی دەستکرد بۆ کوڕەکەی بکڕێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاندووە، جەنگ و گفتوگۆ، بەیەکەوە ناگونجێن، ئیتر ئەگەر گفتوگۆکان مەرجداربن یاخود نا.

ئەو وتانەی محەمەد جەواد زەریف لە وەڵامی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا دێت کە پێشتر ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندابوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا، بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی تایبەت بە ڕێککەوتنە ناوەکیەکەی ئێران.