سەردێڕ:

شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسى ئاو سەردانی عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2019-06-03

839 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لەم مانگەدا شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی تایبەت بە ئاو سەردانی عێراق بکات، وحکومەتی تورکیاش وەزیری پێشووی کاروباری ئاو و دارستانی وەکو سەرۆکی شاندەکە دیاریکردووە.

ڕۆژنامەی حوڕییەت دەیلی نیوزی تورکی بڵاویکردووەتەوە، فەیسەڵ ئێرۆغڵو وەزیری پێشووی کاروباری ئاو و دارستان وەکو سەرۆکی شاندەکە و نێردەی تایبەتی تورکیا دیاریکراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامە تورکییەکە، لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، باس لە سیستمەکانی گلدانەوەی ئاو و پرسەکانی تایبەت بە بەفیڕۆدان و بەکارهێنانی ئاو دەکرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، تورکیا گروپێکی پەنجا کەسیی بە سەرۆکایەتی ئێرۆغڵو پێکهێناوە و ئامادەکاری بۆ کارکردن لەسەر پرسەکە دەکات.

ئەوەش خراوەتەڕوو هەریەکە لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، وەزارەتی ژینگە و نیشتەجێبوون و وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان، کارە تەکنیکییەکان لەئەستۆ دەگرن.

باس لەوەش کراوە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی گروپەکە لەسەر دابینکردنی ئاوی خاوێن و تەندروست کۆتایی هاتووە و پێشکەش بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کراوە.

شاندەکەی تورکیا کە سەردانی عێراق دەکات لە ٢٠ کەس پێکدێن و چەند ڕێککەوتنێکی تایبەت بە بەنداوەکانی عێراقیش لە کۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێ دەکەن.

ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی بەنداوی ئیلیسو لە تورکیا لەسەر ڕووباری دیجلە تەواو بوو، نیگەرانییەکانی عێراق لە کورتهێنانی ئاو زیادیانکرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە ٧٠%ی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە وڵاتە دراوسێکانییەوە هەڵدەقوڵێن و دەڕژێنە ناو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە، کە ئەو دوو ڕووبارە بە تورکیادا تێدەپەڕن پێش ئەوەی بگەنە عێراق.