سەردێڕ:

کۆریای باکور هەواڵی لەسێدارەدانی یاریدەدەرێکی سەرۆکی بەدرۆخستەوە

فۆتۆ: 
2019-06-03

1854 جار خوێندراوەتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لەبارەی ئەوەی کە سەرۆکی کۆریای باکور نێردەی خۆی بۆ گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکادا لەسێدارەداوە، ئەمڕۆ جارێکی تر لە ڕیزی دانیشتنی سەرۆکی ئەو وڵاتەدا دەرکەوتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکور چەند وێنەیەکی کیم هیۆنک چول گەورە ڕاوێژکاری کیم جۆنگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتەی بڵاوکردووەتەوە، کە لە ئاهەنگێکی میوزیکدا لەو ڕیزەدا دانیشتووە کە کیم جۆنگ ئونی تێدا دەرکەوتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژنامەی "چۆسۆن ئیبلۆی" کۆریای باشور ڕۆژی هەینیی ڕابردوو (٣١ی ئایاری ٢٠١٩) لە زاری چەند لێپرسراوێکی کۆریای باکورەوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ کیم هیۆک چول نوێنەری تایبەتی کۆریای باکور بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چوار لێپرسراوی دیکەی وەزارەتی دەرەوە، لە فڕۆکەخانەی "میریم" لەو مانگەدا لەسێدارەدراون.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردبوەوە، بەهۆی شکستی کۆنگرەی لوتکەی ڤێتنام، کە لە نێوان کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا بەڕێوەچوو، دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ ئەمریکا و ژمارەیەکی دیکە لە لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوەی لەسێدارەداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەم مانگەدا وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەڵوێستی توند و فێڵبازانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەپشت شکستهێنانی گفتوگۆکانی کۆنگرەی لوتکەی نێوان هەردوو سەرۆک بووە.

ع.م

كوريا الشمالية تنسف الشائعات.. كبير المفاوضين النوويين يظهر مجددا مع الزعيم