سەردێڕ:

​تورکیا.. تەنورەى پارێزەرێک دادوەرێکى لە کار دوورخستەوە

فۆتۆ: 
2019-06-03

26984 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنى دادوەرانی تورکیا ڕایگەیاندووە، دادوەرێکی بەهۆی تانەدان لە تەنورەی پارێزەرێک لە کار دوورخستووتەوە.

ڕۆژنامەی حوڕییەتی تورکی بڵاویکردەوە، دادوەرێک بە ناوی محەمەد یویلو نامەیەکى ناڕەزایی داوەتە سەندیکای پارێزەران و تانە و تەشەری لە تەنورەی یەکێک لە کچە پارێزەرەکان بە ناوی توجی جیتین داوە، گوایە "کورتە و ١٥ سانیتمەتر لە سەروو ئەژنۆیەوەیەتی."

لە دوای بڵاوبوونەوەى ئەمەش ژمارەیەک پارێزەر وەک ناڕەزایی لە بەرامبەر کارەکەى ئەو دادوەرەدا لەبەردەم هۆڵی دادگا کۆبوونەتەوە و داوایان لە دادوەرەکە کردووە داوای لێبوردن بکات و، دروشمی "ژنان چاوەڕێن داوای لێبوردن بکەیت"یان وتووەتەوە.

دواتریش وەزیری دادی تورکیا قسەى لەسەر بابەتەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، کاری ئەو دادوەرە نایاسایی بووە و جێگەى داخە، دەبوایە ئەو نمونەى جوانی جێبەجێکردنی یاسا بوایە نەک کاری وا بکات.

دواتریش جێگری سەرۆکی سەندیکای پارێزەران ڕایگەیاندووە، بەهۆی کێشەکەوە ئەو دادوەرە لە کار ڕاگیراوە.