سەردێڕ:

سودان.. لەکاتی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەراندا پێنج کەس کوژران

فۆتۆ: 
2019-06-03

1219 جار خوێندراوەتەوە

لەهەوڵێکی هێزە ئەمنییەکانی سوداندا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، پێنج کەس کوژراون و ٦٠ی تریش برینداربوون.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانى سودان هەڵیانکوتایە سەر شوێنى ناڕەزایەتیەکان لە ناوەڕاستى خەرتومى پایتەخت و بەوتەى چالاکانیش بە ئامانجى کۆتاییهێنان بە ناڕەزاییەکان تەقەیانکردووە.

لە بەرامبەریشدا فیدراسیۆنی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سودان، داوای مانگرتنێکی ئاشتیانەی سەرتاسەرییکرد لەو وڵاتەدا تا ئەنجومەنی سەربازیی ناچاربکرێت بە ڕادەستکردنی دەسەڵات بە حکومەت و دەستەیەکی سەرۆکایەتی مەدەنی.

لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان ڕوویانکردووەتە شوێنی خۆپیشاندان و مانگرتنەکانەکان.

لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک شەقامیان لە ناوەڕاستی شاری خەرتوم داخستووە و هاوکات پارتی گەلی سودان ڕەتیکردەوە بە بەکارهێنانی زەبری هێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنرێت.

ئەمەش لە کاتێدایە لە دوای لابردنی عومەر حەسەن بەشیر خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و داوا دەکەن بە زووی دەسەڵات ڕادەستى ئەنجومەنێکی مەدەنی بکرێت.