سەردێڕ:

خواردنەوەی چا بە گەرمی مەترسی تووشبوون بە جۆرێك شێرپەنجە زیاد دەکات

فۆتۆ: 
2019-06-03

3191 جار خوێندراوەتەوە

کەسانێکی زۆر ڕۆژانە ئارەزوو دەکەن بە خواردنەوەی چا ڕۆژەکەیان دەستپێبکەن و بە گەرمی دەیخۆنەوە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە کە ئەو کەسانەی بە گەرمی چا دەیخۆنەوە مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سورێنچك زیاد دەکات.

لە بابەتێکدا ماڵپەڕی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکردووە، توێژینەوەیەك ئاشکرایکردووە کە ئەو کەسانەی چای گەرم دەخۆنەوە بە پلەی گەرمی ٦٠ پلەی سەدی، زیاتر لە ٧٠٠ میللیلیتر چا دەخۆنەوە لە ڕۆژێکدا واتە نزیکی دوو کوپی گەورە، مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سورێنچك بە ڕێژەی %٩٠ زیاترە بەراورد بەو کەسانەی کە کەمتر دەیخۆنەوە.

ئەم توێژینەوەیە ٥٠ هەزار کەسی وەرگرتووە لە ئێران، ئەنجامدەری توێژینەوەکەش لە کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمەریکی فەرهاد ئیسلامی وتی: کەسانێکی زۆر چێژ لە خواردنەوەی چا یان قاوە و خواردنەوە گەرمەکان وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا خواردنەوەی چای گەرم دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچك، بۆیە باشتروایە بەر لە خواردنەوەیان بوەستن تا کەمێك سارد دەبێتەوە.

لە ڕابردوودا توێژینەوەی دیکە دەریخستووە کە چای گەرم پەیوەندی بە شێرپەنجەی سورێنچکەوە هەیە، بەڵام ئەم توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری نێودەوڵەتی شێرپەنجە بڵاوکراوەتەوە یەکەم توێژینەوەیە کە پلەی گەرمی دیاریکراوی چای دیاریکردووە.