سەردێڕ:

ئێران پێشنیازێک دەخاتە بەردەم دەوڵەتانی کەنداو

یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-02

4959 جار خوێندراوەتەوە

ئێران پێشنیازێکی خستە بەردەم دەوڵەتانی کەنداو بۆ ئیمزاکردنی پەیماننامەیەک، کە هیچیان دەستدرێژی نەکەنە سەر ئەویدیکەیان و هاوپەیمانیەتییەک لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەش پێکبهێنن.

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز لە زاری یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام لە هەوڵی چەسپاندنی پەیوەندییەکی دۆستانەیە لەگەل وڵاتانی هاوسێدا و ستراتیژییان ئەوەیە کە ململانێ نەکەن لەگەڵ هاوسێکان.

ئامادەیی ئێرانیشی دەربڕی بۆ ئیمزاکردنی پەیماننامەیەک کە هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە دەستدرێژی نەکاتە سەر ئەوانی تر و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەشدا.

ڕەحیم سەفەوی ئاماژەی بەوەکردووە ئەمریکییەکان زیاتر لە ٢٥ بنکەی سەربازییان هەیە لە ناوچەکەدا، بە تایبەت بوونی فەرماندەیی بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە قەتەر کە بەلای ئێرانەوە تیرۆریستییە، هەروەها بوونی بنکەیەکی هێزی پیادەی دەریایی لە کوەیت و بنکەیەکی هێزە دەریاییەکان لە بەحرەین، کە سەرجەمیان زیاتر لە ٢٠ هەزار سەربازیان تێدایە، بۆیە دەبێت ئەمریکییەکان بزانن کە ئەو هێزانەیان لەبەردەم هێرشی موشەکەکانی ئێراندایە.

ڕاوێژکاری سەربازیی خامنەئی جەختیکردەوە، کەشتیەگەلی ئەمریکا و بیانییەکان لە کەنداو بە هەمان شێوەیە لەبەردەم ڕەحمەتی موشەکی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندایە.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەفەوی جەختیکردەوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کاڵای ئابوری کردووە بە دۆخی ئەمنییدا و بە هیچ شێوەیەک ناچێتە جەنگێکەوە ئەگەر قازانجێکی ئابوری نەبێت، بۆیە ترەمپ باش دەزانێت جەنگ لەگەڵ ئێراندا بە شکستێکی سەربازیی و تێچوونێکی گەورەی ئابوری کۆتایی دێت.

ئەو وتانەی ڕاوێژکاری سەربازیی ڕابەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عەرەب دەستی بە ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازیی کردووە، کە فڕۆکە ستراتیژییەکانی جۆری بی ٥٢ بەشدارییان تێدا کردووە.

ع.م