سەردێڕ:

عێراق: چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک پێویستی بە هاوکاری هەرێم و بەغدا هەیە

فۆتۆ: 
2019-06-02

2285 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشیتمانی عێراق لەسەر دۆخی پارێزگای کەرکوک بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی  کۆبۆوە و تاوتوێی بارودۆخی پارێزگاکەیان کرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، جۆرایەتی پێکهاتەی شاری کەرکوک و دەستوەردانەکان تیایدا پێویستی بە هاوکاری نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە سەرباری دەستوەردان و ئاڵۆزییەکان، بەڵام بارودۆخی ئەمنی شاری کەرکوک لە ژێر کۆنترۆڵدایە و پێویستە کاری بە پەلە بکرێت بۆ کێشە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی هەوڵە سیاسییەکان و هاریکاری نێوان سەرجەم پێکهاتەکان، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک دووربخرێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا جەختیکراوەتەوە لەوەی، پێویستە جێبەجێکردنی یاسای لە شارەکە بەهێز بکرێت ، بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، هەروەها دوورکەوتنەوە لە هەر لێدوانێک کە خزمەت بە ئاسایش و ئارامی پارێزگاکە ناکات، چونکە داعش تاکە دوژمنە کە دەبێت بەردەوام ڕووبەڕووی ببنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی گشتی دڵنیاییە بۆ پاراستنی یەکێتی نیشتیمانی و خزمەتکردن بە سەرجەم پێکهاتەکانی شاری کەرکوک.

دەربارەی تەقینەوەکانی شارەکەش ئاماژە بەوەکراوە، بابەتەکە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورە کراوە و زیادەڕەوی زۆری تێدا کراوە، بە تایبەت دوای لێدوانە جیاجیاکان لە میدیاکانەوە.

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگاکە ئامادەی بوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێنجشەممەی ڕابردوو لە شاری کەرکوک شەش تەقینەوە ڕوویاندا، بەهۆیانەوە چوار کەس کوژران و ٢٣ کەسی دیکەش برینداربوون و زەرەر و زیانیش بە دوکان و کۆگا بازرگانییەکانی ناوچەکە گەیشتووە.

 

ع.م