سەردێڕ:

ئەمریکا مەرجێکی نوێی بۆ پێدانی ڤیزا زیاد کرد

فۆتۆ: 
2019-06-02

6934 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا گۆڕانکاریی لە رێوشوێنەکانى پێدانى ڤیزە کردووە و هەر کەسێک بیەوێت ڤیزەى ئەو وڵاتە وەربگرێت دەبێت زانیارى بخاتەڕوو لەبارەى هەژمارەکەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئیمەیڵ و ژمارە تەلەفۆنەکەى.

بەپێی گۆڕانکارییەکە، ئەو مەرجە نوێیە لە سەرەتاى ئەم مانگەوە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دواى رەزامەندى لەسەر گۆڕانکارییەکان لەبارەى پێشکەشکردنى داواکان بۆ پێدانى ڤیزە جۆراوجۆرەکان لە ئەمریکا.

بەو پێیە باڵیۆزخانەکانى ئەمریکا لە ئێستادا داواى زانیارى لەبارەى هەژمارى تایبەتى ئەو کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن کە داواى وەرگرتنى ڤیزە پێشکەش دەکەن.

ئەو گۆڕانکارییە لە ساڵى رابردوودا پێشنیازى جێبەجێکردنى کراوە و کاریگەریی لەسەر نزیکەى ١٥ ملیۆن بیانى دەبێت، کە ساڵانە داواى وەرگرتنى ڤیزەى ئەمریکا پێشکەش دەکەن.

بەرپرسێکى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاندووە، ئاسایشى نیشتمانى کارى لەپێشینەى ئەوانە، لەکاتى پێشکەشکردنى داوا بۆ وەرگرتنى ڤیزە و بەردەوام کاردەکەن لەسەر دۆزینەوەى باشترین رێوشوێن بۆ دڵنیابوونەوە لە رێوشوێنەکانى پاراستنى ئاسایشى هاوڵاتییانى ئەمریکا.

ب.ب