سەردێڕ:

سوریا.. تەنھا لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ هاوڵاتیی مەدەنى کوژران

فۆتۆ: 
2019-06-01

676 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند، لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی گروپە جیاوازەکان لە ماوەى مانگی ئایاردا، زیاتر لە ٤٠٠ هاووڵاتیی مەدەنى کوژراون.

ڕێکخراوەکە ڕاپۆرتى تایبەت بە زیانە گیانییەکانى شەڕ و پێکدادانەکانى سوریاى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لە ناو ئەو کەسانەى کوژراون  ١٠٧یان منداڵن و ٦٢ هاوڵاتیش ئافرەتن.

لەبارەى ئەو پێکادانانەى بوونەتەهۆى کوژرانى ئەو هاوڵاتییانە، ئاماژەى بەوەکردووە، ٢٢٦ هاوڵاتى کە ٥١ یان منداڵن و ٤٨ یان ئافرەتن، لەلایەن ڕژێمى سوریا و گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران کورژراون.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەھۆی ھێرشی ئاسمانی روسیاشەوە ٤٥ هاووڵاتیی مەدەنى کوژراون کە ١٧یان منداڵ و ١٠یان ئافرەت بوون و لە ئاکامى شەڕى نێوان گروپە چەکدارەکانى دیکەشدا ٢٠ هاوڵاتى دیکە کوژراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکانى ڕێکخراوى ڕوانگەى سوری لە ساڵى ٢٠١٧دا ٣٣ هەزار کەس لە سوریا کوژراون، لە ساڵى ٢٠١٤شدا ڕێژەکە گەیشتووەتە ٧٦ هەزار کەس کە بەرزترین ڕێژەیە لە سەرەتاى دەستپێکردنى شەڕى سوریا لە ساڵى ٢٠١١وە.