سەردێڕ:

میدیای ئێران: بەرهەم ساڵح نامەی ئێرانی گەیاندووەتە وڵاتانی کەنداو

بۆ ئیمزاکردنی پەیماننامەیەک
بەرهەم ساڵ لە گۆنگرەی لوتکەی ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی لە مەککە
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-01

3930 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی عێراق لە ئێران ئاشکرایکرد، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق نامەی ئێرانی گەیاندووەتە هەر یەکە لە سعودیە و ئیمارات و بەحرەین، سەبارەت بە پێشنیاری ئیمزاکردنی پەیماننامەی دەستدرێژی نەکردنە سەر یەکتر.

ئاژانسی هەواڵ "ئیسنا"ی ئێران لە زاری سەعد عەبدلوەها قەندیل باڵیۆزی عێراقەوە لە تاران بڵاویکردەوە، عێراق پێشوازی کردووە لەو پێشنیارەی کە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکردووە، کە بە "پەیماننامەی دەستدرێژێ نەکردن" ناسراوە.

قەندیل ڕوونیکردەوە، بەهۆی نەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماتی لە نێوان ئێران و لەگەڵ هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات و بەحرەین، بۆیە لێپرسراوانی عێراقی بڕیاریانداوە ئەو پێشنیارە لە بری تاران بگەیەنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەتوانرێت بگوترێت کە بەغدا بووەتە ناوبژیوان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نامەی نێوان تاران و ڕیاز و ئەبوزەبی و مەنامە.

ئەو پێشنیارەی حکومەتی ئێران لە کاتێکدایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بیانووی مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران لەسەر بەرژەوەندییەکانی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، بڕیاریدا هێزی سەربازی و دەریایی خۆی ڕەوانەی ناوچەی کەنداو بکات، لە ماوەی مانگی ڕابردووشدا لێدوانی بەرپرسانی تاران و واشنتۆن گەیشتە توندی و هەریەکەیان ئاماژە بە بەکارهێنانی هێز دەکات لە دژی ئەویتر، ئەگەر بێتوو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی لە کەنداودا بکەوێتە مەترسییەوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە شاری مەککەی سعودیە، دوو کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی، کە بریتی بوون لە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی سازکرا بۆ یەکهەڵوێستی لە دژی ئێران، بەڵام وتاری عێراق لە گۆنگرەکە لە لایەن بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق خوێندرایەوە و دژی هەموو گەلەکۆمەکییەک بوو کە لە دژی ئێران بکرێت لە ناوچەکەدا.

ع.م