سەردێڕ:

سبەینێ کارمەندانی ئێکسۆن مۆبیل دەگەڕێنەوە بۆ عێراق

بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی قورنە
فۆتۆ: 
2019-06-01

1056 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ کارمەندانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلى ئەمریکی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە کێڵگەی نەوتی قورنە، دوای دوو هەفتە لە کشانەوەى نزیکەی ٦٠ کارمەندیان لە عێراق.

دوو بەرپرسی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێکسۆن مۆبیل بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە کێڵگەی نەوتی قورنە ١ لە عێراق ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی عێراقی پێی ڕاگەیاندوون ئاسایشی زیاتر بۆ کۆمپانیاکە دابین دەکات.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە سەرەتادا بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و دواتریش ئەندازیارەکان دەست دەکەن بە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان.

رۆژى ١٨ى مانگى رابردوو کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیل کارمەندەکانى لە عێراقەوە بۆ دوبەى گواستەوە، دواى چەند رۆژێک لە بریارەکەى ئەمریکا بۆ کشانەوەى بەشێک لە فەرمانبەرانى وەزارەت و کونسوڵخانەکەى لە بەغدا و هەرێم، بەهۆى هەڕەشەکانى ئێرانەوە.

کۆمپانیای ئیسکۆن مۆبیل، کۆمپانیایەکی فرەڕەگەزی ئەمریکییە و بارەگای سەرەکی دەکەوێتە ویلایەتی تەکساس، لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان لقی هەیە، لە دیاریتریان لقی کەنەدایە کە لە ٦٩%ی پیشەسازی نەوتی ئەو وڵاتەی بە دەستەوەیە و بەهۆیەشەوە بە "ئیمپراتۆریەتی کۆمپانیای نەوت" ناسراوە.

کۆمپانیاکە لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنی زیاتر لە ٨٢ هەزار فەرمانبەرە و لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە ٢٧ هەزار فەرمانبەری هەیە.

میژووی دروستکردنی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٩، جگە لە دەرهێنانی نەوتی خاو، لە بوارەکانی گازی سروشتی و پترۆکمیایی و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کاردەکات.

ڕێکس تیلرسۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا خاوەنی کۆمپانیاکەیە، کە پێش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی دوریخستەوە.

بە گوێرەی ئەو داتا و ژمارانەی کە کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئاشکرایکردووە، ئیکسۆن مۆبیل لە بازاڕی وزەدا خاوەنی ٣٦٦ ملیار دۆلارە.

ع.م