سەردێڕ:

عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

داهاتی زیاتر لە ٧ ملیار دۆلار بووە
فۆتۆ: 
2019-06-01

1042 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند لە مانگی ئایاری ڕابردوودا بڕی ١١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی دەرەوە کردووە و بڕی زیاتر لە ٧ ملیار دۆلاری داهات بۆ خەزێنەی دەوڵەت گلداوەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ شەممە (١ی حوزەیرانی ٢٠١٩) عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا توانیوویانە بڕی ١١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکەن، بە شێوەیەک لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشورەوە توانراوە بڕی ١٠٦ ملیۆن و ٦٧٥ هەزار و ٨٨١ بەرمیل هەناردە بکەن، لەکاتێکدا لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا توانراوە لەو مانگەدا بڕی ٣ ملیۆن و ١٦٦ هەزار و ٢٦١ بەرمیل هەناردە بکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کێڵگەی گەیارەی نزیک موسڵیش توانراوە بڕی ٨٩٤ هەزار و ٥٢٨ هەزار بەرمیل هەناردە بکرێت.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا ڕۆژانە بڕی سێ ملیۆن و ٤٤ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش گەیشتووەتە ٦٦ دۆلار و ٦٨ سەنت.

وەزارەتی نەوتی عێراق مانگانە بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی خاوی خۆی بۆ بازاڕەکانی وزە بڵاودەکاتەوە.

ع