سەردێڕ:

ئوم سەیاف: بۆ دۆزینەوەی بەغدادی هاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکانم کردووە

فۆتۆ: 
2019-06-01

6003 جار خوێندراوەتەوە

هاوسەری بەرپرسی پێشووی نەوت و گازی ڕێکخراوی داعش، لە زیندانێکی هەولێر، دانی بەوەدا ناوە هاوکاری دەزگاکانی هەواڵگری کردووە لە گەڕان بەدوای شوێنی ئەبو بەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوەکە.

ئوم سەیاف، کە لە ئێستادا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، لە یەکەم چاوپێکەوتینیدا بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاگەیاندووە هاوکاری دەزگای هەواڵگری کوردی، و دەزگای  هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا سی ئای ئەی کردووە لە دەستنیشانکردنی ئەو ماڵانەی کە لەڕابردوودا بەغدادی تیایدا ماوەتەوە.

ئوم سەیاف باسی لەوەشکردووە، بەهۆی هاوسەری پێشوویەوە متمانەی لای سەرکردە باڵاکانی داعش پەیداکردووە و یەکێک بووە لەو ژمارە ژنە کەمەی کە توانیویەتی پەیوەندی بە سەرکردایەتی ڕێکخراوەکەوە بکات تا ئەوکاتەی دەستگیرکرا.

ئوم سەیاف لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بە مامەڵەی خراپی چەکدارانی داعشیش کردووە لەگەڵ کچانی ڕفێندراوی ئێزیدی، کە بەسەرهاتی ڕفێندراوەکان پشتڕاست دەکاتەوە.

ئوم سەیافی تەمەن ٢٩ ساڵ کە ناوی تەواوی، نەسرین ئەسعەد ئیبراهیمە، چوار ساڵ لەمەوبەر لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتی ئەمریکادا دەستگیرکراو هاوسەرەکەی کوژرا، دواتر ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم کرا.

دواتر لەلایەن دادگای هەولێرەوە بەتۆمەتی تێوەگلان لە تاوانەکانی دەستدرێژیکردنە سەر دوو کچی ئێزیدی و کوشتنی کایلا موڵەر چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

هـ.ع