سەردێڕ:

تڕەمپ ناوەڕاستی حوزەیران خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کاندید دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-06-01

861 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی ١٨ حوزەیران لە ویلایەتی فلۆریدا بە شێوەیەکی فەرمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی دەستپێدەکات.

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، "کاندیدبوونی خۆم بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی رادەگەیەنم لەگەڵ میلانیا خانمی یەکەم و مایک پێنس... رۆژی ١٨ی حوزەیران لە شاری ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، ویلایەتی فلۆریدا دەستپێکی هەڵمەتەکانی دەبێت، داوای لە لایەنگرانیشی کرد ئامادەی ئەو گردبوونەوە مێژووییەی بن.

بۆ ئەو مەبەستە ترەمپ دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی پارە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و چەند مانگێکیشە ژمارەیەک کۆبوونەوەى سیاسی کردووە.

بۆ یەکەمجاریش سەرۆکی ئەمریکا تۆمەتبارکرا بەوەی مۆسکۆ یارمەتی داوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٦ بباتەوە، بەڵام تڕەمپ ئەو تۆمەتانەی لەلایەن رۆبەرت مۆلەر، لێکۆڵەری تایبەت بە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەکان ئاڕاستەی کردبوو رەتکردەوە و هەوڵەکانی بە تۆڵەکردنەوەی سیاسی بەرامبەری لەلایەن دیموکراتەکانەوە گەڕاندەوە.

لەو بارەیەوە تڕەمپ لە تویتەر رایگەیاندبوو، " روسیا روسیا روسیا ! ئەوەیە هەمووان گوێبیستی دەبن لەسەرەتای هەڵمەتێکی تۆڵەکردنەوەی سیاسییەوە"، ئەوەش لە کاردانەوەیەکی توندا دوای ئەوەی مۆلەر پێشنیازی بۆ کۆنگرێس کرد، رێوشوێنەکانی لەکارخستنی سەرۆک دەستپێبکات.

هەرچەندە تڕەمپ تویتەکەی دەربارەی روسیا نەسڕیەوە، بەڵام لەو لێدوانەی پاشگەزبووەوە دوای ئەوەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا لە کۆلۆرادۆ باسی لەوەکرد، " ئەگەر روسیا دەستێوەردانی کردبێت، ئەوا یارمەتی لایەنێکی دیکەی داوە".

بڕیارە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و نیوەی ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێس لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت، تا ئێستاش دۆناڵد تڕەمپ دیارترین کاندیدی کۆمارییەکانە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا.

هـ.ع