سەردێڕ:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دانینا بەوەی ١٣٠٠ هاوڵاتی مەدەنییان لە عێراق و سوریا بە هەڵە کوشتووە

فۆتۆ: 
2019-06-01

1098 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دانینا بەوەی لە سەرەتای هێرشەکانیان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەبێ مەبەست و بە هەڵە ١٣٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لە عێراق و سوریا لەلایەن هێزەکانیانەوە کوژراون.

رۆژی هەینی (٣١ی ئایاری ٢٠١٩) هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ئاماری چالاکییەکانی لە سەرەتای شەڕی دژی چەکدارانی داعش لە مانگی ئابی ٢٠١٤وە  تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ئامارەکە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٤ هەزار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەکانی داعش لە عێراق و سوریا.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە،  لەو ماوەیەدا لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەیانبووە، هێزی ئەرکە هاوبەشەکان بۆردومانی ناوچە گومانلێکراوەکانی کردووە، لە ئاکامدا ١٣٠٢ هاوڵاتی مەدەنی بەبێ مەبەست کوژراون.

باسی لەوەشکردووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا ئێستاش ١١١ ڕاپۆرتی دەربارەی ئەگەری کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەبەردەستە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکات.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە زیاترلە ٧٠ وڵات پێکدێت، بە ئامانجی هێرشی سەربازی بۆسەر چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا هاوینی ساڵی ٢٠١٤ دامەزرا.

هەروەها ڕۆژی ٢٣ی ئازاری ئەمساڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دوا پێگەی ڕێکخراوەکە لە گوندی باغۆزی ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند.

هـ.ع