سەردێڕ:

ڕوداوێکی دەستدرێژیکردنی سێکسی لە موسڵ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەهێنێتە سەرخەت

لەلایەن چەند سەربازێکەوە کراوە
فۆتۆ: 
2019-05-31

21752 جار خوێندراوەتەوە

ڕوانگەی مافی مرۆڤی عێراق داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد، پەلەبکەن لە لێکۆڵینەوە لەو سەربازانەی سوپای عێراق کە تاوانێکی دەستدرێژی سێکسی بە کۆمەڵیان لە  یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی شاری موسڵ ئەنجامداوە، وەزارەتی بەرگریش داوای دەستگیر کردنی ئەو سەربازانە دەکات.

ڕێکخراوەکە ئاشکرایکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو سەربازانە لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی ڕاستەوخۆدا دەریدەخات کە یەکێک لە سەربازەکان لە تەنیشت منداڵێکی پێنج ساڵانەوە دانیشتووە و گێچەڵی سێکسی پێ دەکات، دواتریش ئافرەتێک و منداڵێکی شیرەخۆرە نیشان دەدات کە لە بەربەستە گڵییەکەی خاڵی پشکنینەکە نزیک بووەتەوە و یەکێک لە سەربازە عێراقیەکان بۆ هاوڕێکانی دەگێڕیتەوە کە چۆن بە کۆمەڵ دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ئەو ئافرەتە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیەی سەربازە عێراقییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسە وباسێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، دواتریش وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر زاری عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانی سوپا داوایکرد لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە لەتۆمارە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەون.

دواتریش وەزارەتی ناوخۆیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دوان لەو سەربازانە دەستگیر کراون و لەبەردەم دادگا وتەیان لێوەرگیراوە و ڕێوشوێنی یاساییان لە بەرامبەر گیراوەتە بەر.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو سەربازە عێراقییانە تاوانی دەستدریژی سێکسی و گێچەڵی سێکسیان ئەنجامداوە بە منداڵ و دایکێک، ئەوە جگە لە پابەند نەبوون بە ئەرکی سەربازیی، چونکە ئەرکی سەرباز و هێزی ئەمنی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە، نەک دەستدریژی کردنە سەر دانیشتوان.

ئەو سەربازانەی ئەو  تۆمەتانەیان دراوەتە پاڵ، ئەگەر لە دادگا تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغبێتەوە ئەوا لە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی دەیانگرێتەوە تا لەسێدارەدان.

بە گوێرەی بڕگەی یەکەمی مادەی ٣٩٣ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارەی ١١١ی ساڵی ١٩٧٩، زیندانی دەکرێت هەر کەسێک بە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی یان کاتی ئەگەر یەکێک بە بێ رەزامەندی خۆی دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر کەسێکی تر .

لە بڕگەی دووەمی یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سزا دەدرێت بە زیندانیکردنی هەتا هەتایی یان لەسێدارەدان ئەگەر کەسێک دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر منداڵان.

ع.م