سەردێڕ:

وردەکاریی سوتاندنى دەغڵودانى جوتیارانى کورد

فۆتۆ: 
2019-05-31

2072 جار خوێندراوەتەوە

کەم شەو هەیە ئاگرى دەغڵودانى جوتیارانى کورد بەرز نەبێتەوە، ڕەوشەکە بەجۆرێکە هەم ڕەنج و ماندوبوونیان هەمیش ژیانى گوندنشینانى سنورى کەرکوک بە ئاگرى ناکۆکى و پەلامارى گروپە چەکدارەکان دەسوتێت.

شەوی چوارشەممە بەشێکی تر لەدەغڵودانی گوندەکانی دەوروبەری قەزای داقوق سوتێنرا و لەکاتی چوونی هاوڵاتیانی گوندی دارای ناوچەی هەفتەغار بۆ کوژاندانەوەی ئاگرەکە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کە گومان دەکرێت داعش بن، تەقەیان لێکراو بەهۆیەوە هاوڵاتیەک شەهید و ۷ هاوڵاتی تر بریندار بوون .

ئاسایشی گوندەکانی هەفتەغار لەژێر کۆنتڕۆڵی پۆلیسی فیدڕاڵیدایە، بەڵام بوونی هێزەکە نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی جموجوڵەکانی داعش، ئیدارەی قەزای داقوقیش پێیوایە ئەوانەی دەغڵەکانیان سوتاندووە و تەقەیان لە هاوڵاتیان کردووە داعش بوون .

لویس فەندی قایمقامی قەزای داقوق دەڵێت، ڕووداوەکە دڵتەزێنە، چونکە پێشتر پێیان وابووە داعش تەنها دەغڵودانەکان دەسوتێنێت و کارى بەسەر هاوڵاتییانەوە نییە، بەڵام تەقەیان لە هاوڵاتییان و تیمەکانى بەرگرى شارستانى کرد.

لە ئاگرەکەی شەوی چوارشەممەی گوندەکانی هەفتەغار زیاتر لە سەد دۆنم دەغڵ و دان سوتاون کە سەرجەمیان هی هاوڵاتیانی کوردی هەردوو گوندەکانی دارا و مەنسورن، ئاگرەکەش درێژکراوەى ئەو زنجیرە ئاگرانەیە کە لەگەڵ دەستپێکى وەرزى دروێنەدا لە ناوچەکانى کەرکوک و خانەقین دەستیانپێکرد و تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتى ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە.

ئ.ر